لەدێرەزوور چەند کەسێک دەستگیرکران
هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا سانا رایگەیاند، هێزی ئاسمانی ئەمریکا لە ناوچەیەکی پارێزگای دێرەزوور لە ڕۆژهەڵاتی سوریا دابەزین و لەوێ بەهاوکاری شەڕڤانانی هێزەکانی هەسەدە ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە.
ماڵپەڕی سانا بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەی سوپای ئەمریکا بە بەشداری هێزەکانی هەسەدە کە لەلایەن واشنتنەوە پاڵپشتی دەکرێت ئەنجامدراوە، نیشتنەوەکە لە شارۆچکەی عەگیدات لە گوندەوارەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور ئەنجامدراوە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوە ناوحۆییەکانەوە بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ هەینی فڕۆکە ئەمریکییەکان ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان بە بەشداریی شەڕڤانانی هەسەدە ئەنجامداوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، سەربازە ئەمریکییەکان و شەڕڤانانی هەسەدە شارۆچکەکەیان گەمارۆداوە و هەڵیانکۆتاوەتە سەر چەند شوێنێک و ژمارەیەک کەسیان دەستگیرکردووە.
بەگوێرەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەرەتای ساڵی 2022دا هێزەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنی نیشتنەوەیان لەو شارۆچکەیە ئەنجامداوە، لەو ماوەیەدا سەرکردەیەکی ڕێکخراوی “داعش” کوژرا.