تورکیا بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوەی سورییەکان لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا 180 کەسیان بۆ ئیدلیب دیپۆرتکردەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ڕۆژی هەینی، دەسەڵاتدارانی تورکیا 180 پەنابەری سوورییان لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە بۆ ناوچەکانی ئیدلیب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریا دیپۆرتکردەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا لەم مانگەدا کە دیپۆرتکراونەتەوە هەزار و 300 کەسی تێپەڕاند.

سەرچاوەیەکی کارگێڕی لە دەروازەی باب ئەلهەوا بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 180 پەنابەری سورییان لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا بۆ ئیدلیب دیپۆرتکردووەتەوە، لە نێویدا 41 ژن  لەگەڵ منداڵەکانیان تێدایە، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن لەو دەستگیرکردن یاخود دیپۆرتکردنەوەیە ئاگادار بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا سەرجەم بەڵگەنامە و کاغەز و ناسنامەکانیان بردووە، بۆ ئەوەی نەهێڵن بگەڕێنەوە نێو خاکی تورکیا، سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکە کار و مافی نیشتەجێبوونیان لەو وڵاتەدا هەیە.

دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە هەڵمەتی دیپۆرتکردنەوەی ئەو پەنابەرە سووریانەی کە لەنێو خاکی تورکیا نیشتەجێن، بەتایبەت شاری ئیستەنبوڵ، بە گوتەی چالاکوانان لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە هەزار کەس لە ڕێگەی دەروازەکانی گرێ سپی، و باب ئەلسەلامەوە دیپۆرتکردووەتەوە، ئەمە جگە لەوەی کە هەزار و 300 کەس لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەوا دیپۆرتکراونەتەوە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – دڕشتنەوە: سەعەد یازچی