هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ هەینی ئەڵمانیا یەکەمین 10 تانکی لیۆپاردی ڕادەستی ئۆکرانیا کرد، هەروەها کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازیشی ڕادەستی ئۆکرانیا کرد.
ماڵپەڕی ئوربین براڤادا بڵاویکردەوە، ئەڵمانیا هاوکاری سەربازی بۆ کیێڤ ناردوە، کە 10 تانکی لیۆپارد 1 A5 و 20 دۆشکەی MG3ی زیادە لەخۆدەگرێت، کە لە تانکەکاندا بەکارهێنراون، جگە لە نزیکەی 1300 تەقەمەنی هاویتزەری 155 ملم و 2064 تەقەمەنی دوکەڵی لە هەمان کالیبەر، لەگەڵ سیستەمێکی دیکەی پردکردن و 12 ترێلەر.
هەروەها کاروانەکە 10 بارهەڵگر ڕاداری زەمینی لەخۆگرتووە، جگە لەوەش کە پێشتر هەشت بارهەڵگر ڕادەستکرابون، 16 بارهەڵگری زیترۆس، چوار ئۆتۆمبێلی دەوریەی سنورەکان و 100 هەزار کیتی فریاگوزاری سەرەتایی تاکتیکی تاکەکەسی دیکە لەنێو کاروانەکەدا.
لە پەراوێزی دوایین لوتکەی ناتۆ کە لە ڤیلنیۆس بەڕێوەچوو، بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا ڕایگەیاند، حکومەتی ئەڵمانیا لە ماوەیەکی کورتدا بڕیارێکیداوە بۆ پێشکەشکردنی ئەم پاکێجە هاوکارییە بۆ ئۆکرانیا کە بڕی نزیکەی 700 ملیۆن یۆرۆیە، هەروەها ئۆتۆمبێلی ماردەر و تانکی لیۆپارد و سیستەمی پاتریۆت لەخۆدەگرێت.