زانایەكی ناسا زانیاری نەبیستراو لەبارەی بەرزبونەوەی پلەكانی گەما ئاشكرادەكات

هەولێر- نۆرس پرێس

گەورە زانایەكی كەشوهەوا لە ناسا پێشبینیدەكات کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت و ئەم مانگەیش بە گەرمترین مانگی جیهانی بێت لە ماوەی هەزاران ساڵی رابردودا و راشیدەگەیەنێت، کە ساڵی داهاتوو كەشوهەوا گەرمتر دەبێت.

گافین شمیدت گەورە زانای ناسا لە كۆبونەوەیەكدا كە لەلایەن ناسا لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان ڕێكخرابوو، گووتی، هەرچەندە ئەنجامی ڕوانگەكان كەمێك جیاوازن لە یەكتر، بەڵام بەرزبونەوەی ئەوپەڕی پلەكانی گەرما بە ڕونی دیارە، بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەم بابەتە لە راپۆرتی مانگانەی دیكەدا بەوردی دەنوسرێت و ڕەنگ دەداتەوە و لەلایەن دەزگا ئەمریكییەكانیشەوە دەخرێتەڕوو.

راشیگەیاند، کە شاهیدی گۆڕانكاری بێ وێنەین لە هەمو جیهاندا، ناتوانرێت ئەم كاریگەرییانە تەنها بۆ دیاردەی ئێڵ نینۆ بگەڕێنرێتەوە، سەرەڕای ئەو ڕۆڵە بچوكەی دیاردەی ئێل نینۆ دەیگێڕێت، بەڵام ئەوەی دەیبینین گەرمبونی جیهانە زیاتر لە هەمو شوێنێك بەتایبەت لە زەریاكاندا.

ئەوەشی خستۆتەڕو، چەند مانگێكە ئێمە بەرزبونەوەی بەرچاوی پلەی گەرمی ڕوی دەریاكان دەبینین كە ژمارەیەكی پێوانەییان شكاندوە تەنانەت لە دەرەوەی ناوچە گەرمەكان، پێشبینیش دەكەین ئەوە بەردەوام بێت و پێمان  وایە ئەمە بەردەوام دەبێت.

بەپێی لێكدانەوەكانی ئەو زانایەی بواری كەشناسی، ئەگەری 50% هەیە كە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵ بێت تا ئێستا و سەرەڕای ئەوەش ئاشکرای دەکات کە زانایانی دیكە ڕێژەی 80% بۆ گەرمترین ساڵ دەدەن، بەڵام پێشبینی دەكەین ساڵی 2024 گەرمتر بێت، چونكە دیاردەی ئێل نینۆ دەستپێدەكات كە ئێستا لە گەشەكردندایە و لە كۆتایی ئەمساڵدا دەگاتە لوتكە.

هۆشدارییەكانی ئەو زانایەی ناسا لە كاتێكدایە كە بەرزبونەوەی پلەكانی گەرما بەردەوامن و لەو چوارچێوەیەدا لە بەشێكی زۆری ئەوروپا و ئاسیا و ئەمریكای باكور رێكاری خۆپارێزی گیراونەتەبەر و پلەی گەرمی زۆر لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ئاگری زۆری لێكەوتووەتەوە.