وەزیری ناوخۆی عێراق، سوریا و ئێران بە هێنانی مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕۆژی هەینی، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر ئەلشەمەری، سوریا و ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەردوو وڵات، مادەی هۆشبەر دەهێننە ناو عێراق.

ئەلشەمەری لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئەلعەرەبی حەدەس گووتی، پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها لە داهاتوودا ئۆپەراسیونمان دەبێت تاوەکو کاریگەری زۆری لەسەر بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر قاچاخچییەکی نێودەوڵەتی ڕووخێندرا، دەسەڵاتدارانیش توانیان بگەنە کارگەی بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە باشووری وڵات.

رۆژی یەکشەممەی ڕابردووش دەسەڵاتدارانی عێراق ڕایانگەیاند، کە دەستیان بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن لە باشووری وڵاتدا گرتووە.

ڕوونیشی کردەوە، شەڕی ماددە هۆشبەرەکان شەڕێکی ئاشکرایە و درێژە دەکێشێت چونکە بەرژەوەندی و قازانجی زۆری تێدایە، ئاماژەی بە دەست بەسەرداگرتنی ماددە هۆشبەرەکان و دەستگیرکردنی بەکارهێنەران و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانیش کرد.

ئەلشەمەری جەختی لە گرنگی هەماهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی پرسی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەو وڵاتە کردەوە.

وەزیری ناوخۆی عێراق گوتیشی، ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانمان وەرگرتووە بۆ تەرخانکردنی 10 ملیار دینار بۆ دروستکردنی بنکەیەکی دەرەکی لە سنوری پارێزگای سلێمانی کە دەکەوێتە سنووری ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە سنوری عێراق و سوریا، درێژییەکەی 620 کیلۆمەتر دەبێت، و باشترینە بەهۆی ئەو بەربەستانەی کە تێیدا دروستکراون،گووتیشی، ئێمە بەردەوامین لە دانانی دیواری کۆنکرێتی و گەیشتوینەتە زیاتر لە 70 کیلۆمەتر.

لێدوانەکانی ئەلشەمەری لە کاتێکدایە کە ڕاپۆرتەکان پشتڕاستی دەکەنەوە حەبی کاپتاگۆن بووەتە دیارترین هەناردەکردنی سوریا بۆ عێراق کە بەهاکەیشی زۆرە، ئەمە بەپێی خەمڵاندنەکان و پشتبەستن بەو ئامارانەی کە ژمارەیەک ئاژانس بڵاویانکردووەتەوە.

جێی ئاماژەیە سوریا بووەتە ناوەندێکی سەرەکی تۆڕێک کە درێژدەبێتەوە بۆ لوبنان و عێراق و تورکیا، تا دەگاتە وڵاتانی کەنداو، بە وڵاتانی ئەفریکا و ئەوروپاشدا تێدەپەڕێت و سعودیەیش بە یەکەم بازاڕ بۆ کاپتاگۆن دادەنرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی