نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە و سەرچاوەی دارایی داعش لە عێراق و سوریا دەخاتەڕوو
هەولێر – نۆرس پرێس
ڤلادیمێر ڤۆرۆنکۆڤ، جێگری سکرتێری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم رایگەیاند، رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەردەوامە لە مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، هاوکات ژمارەی ئەندامانی ڕێکخراوەکەی لە سوریا و عێراق و قەبارەی سەروەت و سامانی دارایی سەرکردەکانی ئاشکرا کرد.
ڤۆرۆنکۆڤ ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای شکستپێهێنانە هەرێمیەکەی و ئەو زیانانەی کە بە سەرکردایەتییەکەی کەوتوون، مەترسییەکانی داعش لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆڤید-19ەوە بەرەو هەڵکشان دەچێت.
ئەمەش لە لێدوانێکی کورتدا هات لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا، دوێنێ سێشەممە، کە تێیدا باس لە هەڕەشەکانی سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بە هۆی “کردەوە تیرۆریستیەکانەوە” کرا.
وتی سەرکردایەتی “داعش” سەروەت و سامانەکەی لە نێوان 25 بۆ 50 ملیۆن دۆلاردایە، ئەم بڕە پارەیە زۆر کەمترە لەو خەمڵاندنانەی کە تەنها سێ ساڵ لەمەوبەر کراوەن.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوەکە پەنا دەباتە بەر “پێکهاتەیەکی ناوخۆیی لامەرکەزی، کە لەڕێگەیەوە سەرکردایەتی داعش شوێنکەوتووانی خۆی هاندەدات بۆ ئەنجامدانی هێرش، هەروەها توانای ئاراستەکردن و کۆنترۆڵکردنی ڕۆیشتنی پارە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان (لە رێکخراوەکە) لە سەرانسەری جیهاندا”.
لە کاتێکدا ڕەنگە بوونی ئەم جۆرە پێکهاتانە جێگەی سەرسوڕمان نەبێت، بەڵام “بیرهێنانەوەیەکی نیگەرانکەرە کە ڕێکخراوەکە ئامانج و ئاواتی درێژخایەنی هەیە” بە گوتەی ڤۆرۆنکۆڤ.
جەختیشی كردەوە کۆمەڵگا پڕ ململانێکان زیاتر رووبەڕووی ئەو مەترسییانە دەبنەوە كە لە داعش و گروپەكانی سەر بە بەوان، دەکەونەوە.
ڤۆرۆنكۆڤ ئاشكرای كرد، ژمارەی ئەندامانی داعش بە 10 هەزار چەكدار مەزەندە دەكرێت كە لەنێوان عێراق و سوریادا چالاكن و ئەم ناوچەیەش “وەك ئەو دەڵێ” بەرکەوتەی هەڕەشەکانیانە.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە داعش و گروپە سەر بەوان بەردەوامن لە “قۆستنەوەی داینامیکیەتی ململانێکان و حوکمڕانی لاواز و نایەکسانی، بۆ هاندان و پلاندانان و ڕێکخستنی هێرشە تیرۆریستییەکان”.
هەروەها ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە قۆستنەوەی سنوربەندیەکانی پەیوەست بە پەتای کۆرۆنا و خراپ بەکارهێنانی مەودا دیجیتاڵیەکان بۆ بەرزکردنەوەی هەوڵەکان و دامەزراندنی هاوسۆزی و ڕاکێشانی سەرچاوەکان، بەپێی وتەی ڤۆرۆنکۆڤ.