یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی سەر رووسیای بۆ شەش مانگی دیکە درێژ کردەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، کە “بەهۆی کارەکانی رووسیا کە بوونەتە هۆی تێکچوونی سەقامگیریی ئۆکراینا”، بڕیار دراوە سزاکانی سەر رووسیا کە لە 2014ەوە دەستیان پێ کردووە تا 31ی کانوونی دووەمی 2024 درێژ بکرێنەوە.

دوای هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا، یەکێتیی ئەورووپا سزاکانی بۆسەر رووسیا فراوانتر کرد، سزاکانی سەر رووسیا بە جۆرێک بەرفراوانن کە بازرگانیی، ئابووریی، پیشەسازیی، تەکنەلۆجیا، گواستنەوە و گەیاندن و بەرهەمە گرانبەهاکان دەگرێتەوە.

قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان لە رێگای دەریاییەوە لە رووسیاوە بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا، دەرکردنی ژمارەیەک لە بانکە رووسییەکان لە سیستەمی نێودەوڵەتی “SWIFT” و هەڵپەساردنی چالاکییەکانی زۆرێک لە دامەزراوەکانی راگەیاندن لەنێو سزاکاندان.

سزاکان هەر شەش مانگ جارێک درێژ دەکرێنەوە. رووسیا لە 18ی ئاداری 2014 کۆماری خۆڕێبەری کریمیا و شاری سیڤاستۆپۆل-ی بەشێوەیەکی نایاسایی بە خاکی خۆیەوە لکاند، یەکێتیی ئەورووپا بۆ یەکەمجار لە 2014 بڕیاری دا، سزای ئابووری بەسەر رووسیادا بسەپێنێت.