سادیۆ مانێ بە ئۆفەرەکەی نەسری سعودی رازی بووە

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، هەواڵە رۆژنامەوانیەکانی فەرەنسا پشتڕاستیان کردەوە کە سادیۆ مانێ، ئەستێرەی سەنیگالی، هێرشبەری بایەرمیونشن، رازی بووە بەو ئۆفەرەی کە لەلایەن یانەی نەسری سعودیەوە پێشکەشی کراوە، لە بازاڕی هاوینەی ئەمساڵدا.

رۆژنامەی “لی کیپ”، لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، گواستنەوەی مانێ بۆ خولی سعودیە هێشتا بە تەواوی تەواو نەبووە، بەڵام یاریزانە سەنیگالییەکە بنەمای رەزامەندی بەو پێشنیارەی یانەی “نەسر” پیشانداوە، بۆ ئەوەی شانبەشانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و سیکۆ فۆفانا و مارسێلۆ دەربکەوێت.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، مانێی تەمەن 31 ساڵ، دوای ئەوەی لە لیڤەرپوڵەوە رووی لە یانەی باڤاریا کرد، تەنیا یەک وەرزی لە تیپی باڤاریا بەسەر بردووە، لەو ماوەیەدا 38 یاریی ئەنجامداوە و 12 گۆڵی تۆمارکردووە و 5 ئەسیستی لەگەڵ یانە ئەڵمانیاکەدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامداوە.

مانێ مۆڵەتی لە بەڕێوبەرانی بایەر وەرگرتبوو بۆ دانوستان لەگەڵ ئەو یانە سعودیانەی کە ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن.

ئەمەش دوای ئەوە هات، ئەو یاریزانە لە پلانەکەیە “تۆماس توخێلی” راهێنەری یانەکەیدا لابرا، کە بەنیازی ئەوە نییە لە وەرزی داهاتوودا پشتی پێ ببەستێت، بەپێی ئەوەی رۆژنامەی “بێڵد”ی ئەڵمانی لە چەند رۆژی رابردوودا پشتڕاستی کردەوە.