وشکبوونی بەرچاوی رووباری خابوور لە باکووری حەسەکە و هۆشداریی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی

تلتەمر – نۆرس پرێس

رووباری خابوور لە شارۆچکەی تلتەمر لە باکووری حەسەکە، رۆژئاوای کوردستان، نزیکە لە وشکبوونی تەواو، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی گلدانەوەی ئاوەکەی لە خاکی تورکیادا، کە ئەو وڵاتە سەرچاوەی هەڵقوڵانیەتی.

دانیشتوانی تلتەمر و گوندەوارەکانی بە شێوەیەکی بەردەوام پشت بە ئاوی رووباری خابوور دەبەستن بۆ ئاودێریکردنی ئەو زەوییانەی کە لەسەر کەنارەکانی رووبارەکە هەڵکەوتوون.

محەمەد کولەیب، بەڕێوەبەری بەشی سەرچاوەکانی ئاو لە بەشی کشتوکاڵ لە تلتەمر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “پچڕانی ئاوی رڕووباری خابوور کاریگەری نەرێنی لەسەر جووتیاران دەبێت، بەو پێیەی زیاتر لە 40 گوند کە لە کەنارەکانیدا بڵاوبوونەتەوە پشتی پێدەبەستن، هەروەها زیاتر لە 15 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەو ئاوە ئاودێری دەکرێت”.

رووبارە نیمچە وشکهەڵاتووەکە، شێوەی گۆڕاوە بۆ چەند گۆماوێک، کە بەهۆی نەبوونی ڕێڕەوی ئاو لە سەرەتای وەرزی هاوینەوە پڕبوون لە خۆڵ و قوڕ، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی مێروو و مێشوولە لە هەردوو کەناری رووبارەکەدا.

تورکیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی سوریاوە نزیکەی تەواو ئاوی رووباری خابووری بڕیوە، جگە لە هەندێک کات کە رووبارەکە پڕ دەبێتەوە بەهۆی لافاو و ئاوی باران، یان لە سەرەتای وەرزی بەهاردا بەهۆی توانەوەی بەفر لەسەر چیاکانی تورکیا.

عومەر مەردۆ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان، هۆشداری دەدات لە بەردەوامی پچڕانی ئاوی رووبارەکە، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی بڵاوبوونەوەی مێروو و پەتا زیانبەخشەکان لە ناوچەکەدا، وەک کۆلێرا و لاشمانیا و نەخۆشییە گواستراوەکانی تر.

مەردۆ بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر گۆماو و تاڵاوەکان دروستبن، جوڵەی ئەو “مێشوولە ورد”ەی کە دەبێتە هۆی نەخۆشی لاشمانیا، کە بە “تۆوی حەڵەب” ناسراوە، چالاک دەبێت، ئەمە جگە لە بڵاوبوونەوەی مێرووە زیانبەخشەکان کە رەنگە ببنە هۆی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک کۆلێرا.

ئامادەکردنی: سامر یاسین – داڕشتنەوەی: روبین عومەر