نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بازاڕەکانی زێڕ لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی سوریا و رۆژئاوای کوردستان، بەرزبوونەوەیەکی نوێیان بەخۆوە بینی، ئەمەش دوای زنجیرەیەک دابەزین کە لە ماوەی رابردوودا تۆمارکرا.
کارگێڕێک لە کۆمەڵەی ئاڵتونسازان لە ئیدلب بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، نرخی یەک گرام زێڕی عەیارە 21 لە نرخە نوێیەکەدا بۆ 56 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەکاتێکدا چەند رۆژێک لەمەوبەر لە نێوان 53 بۆ 54 دۆلار بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی ئەم مانگەدا نرخی زێڕ هەڵاوسانی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی مانگێک لەمەوبەر نزرخی یەک گرامی بەرزبووەتەوە بۆ 59 دۆلار، دواتر وردە وردە دابەزیوە بۆ 54 دۆلار، دواتر بۆ 56 دۆلار بەرزبووەتەوە، لەگەڵ پێشبینی بەردەوامبوونی ناجێگیریی نرخەکان لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا.
هاوکات بازاڕەکانی دیمەشقی پایتەختی سوریاش بەرزبوونەوەی نرخی زێڕی بەخۆوەبینی، بەو پێیەی نرخی هەر گرامێک گەیشتووەتە 652 هەزار لیرەی سوری، لە حەڵەبیش 668 هەزار لیرەی سوری بۆ هەر گرامێک تۆمارکراوە، بەپێی ئەو خشتەیەی کە ماڵپەڕی لیرە بڵاویکردووەتەوە.
لەکاتێکدا نرخی یەک گرام زێڕ لە بازاڕەکانی شاری قامیشلۆدا لە رۆژئاوای کوردستان گەیشتە 674 هەزار لیرەی سوری و دوێنێش هەر گرامێک 669 هەزار لیرەی تۆمار کردبوو، بە تێکڕای بەرزبوونەوەی 5000 لیرە.