لە ئیدلیب هەڵمەتی دەستگیرکردنی ئەندامانی تەحریر شام دەستی پێکرد
ئیدلیب – نۆرس پرێس
رۆژی پێنجشەممە، دەستەی تەحریر شام هەڵمەتێکی دەستگیرکردنی ئەندامەکانی خوی لە ئیدلیب و گوندەوارەکانی دەستپێکردووە کە لەنێویاندا کارمەندانی ئەمنی و سەربازی هەن کە بە تۆمەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و حکومەتی دیمەشق دەستگیردەکرێن.
سەرچاوەیەکی تایبەت کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە شارۆچکەی معرەت میسرین و کفریای باکوری ئیدلب 11 کارمەندی ئەمنی و سەربازی دەستگیرکراون و 8 کەسی دیکەش هەڵهاتن.
سەرچاوەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەوانەی لە هەڵمەتەکە هەڵدێن دوو گروپن، یەکەمیان بەرەو سنووری تورکیا هەڵدێن، دووەمیان بەرەو ناوچەکانی عەفرین کە لەژێر دەسەڵاتی سوپای نیشتیمانیدایە هەڵدێن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەواڵگری تورکیا دوو کارمەندی ئەمنی سەر بە دەستەی تەحریری شام دەستبەسەرکرد لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا بپەڕنەوە بەرەو نێو خاکی تورکیا بەڵام دەزگای هەواڵگری تورکیا ئەو کەسانەی لە گوندی خربەت جوز لە باکوری ڕۆژئاوای ئیدلیب لەنێو خەڵکی مەدەنیدا دەستگیرکردووە.