عێراق و ئێران روفاتی 26 سەربازیان ئاڵوگۆڕکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

لەچوارچێوەی ئاڵوگۆڕی روفاتەکانی نێوان عێراق و ئێراندا جارێکی تر رووفاتی 26 سەربازیان ئاڵوگۆڕکردەوە، ئەم کەسانە لە شەڕی هەشت ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتدا، لە ساڵانی هەشتاکاندا کوژراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی رووفاتی ئەو سەربازانە لە نێوان عێراق و ئێران لە دەروازەی شەلامچە لە نزیک پارێزگای بەسڕە، بەڕێوەچووە.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایانکرد کە لە کۆی ئەو 26 سەربازە، 18ـیان ئێرانی بوون و هەشتەکەی دیکەش سەربازی عێراقی بوون.

کەریم حافز، نوێنەری لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە، ئەو سەربازانەی کە ئاڵۆگوڕیان پێکراوە لە نێوان ساڵانی 1980 بۆ 1988 بووە کە لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا کوژراون.

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئێران و عێراق روفاتەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، پێشتریش لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022دا ئەو دوو وڵاتە رووفاتی 77 سەربازیان ئاڵوگۆڕ کرد.