پێکدادانی دوو لایەنی سەر بە تورکیا لە ناوەندی عەفرین

عەفرین – نۆرس پرێس

شەوی رابردوو، شاری عەفرینی داگیرکراو لە رۆژئاوای کوردستان، پێکدادانی توندوتیژی نێوان هەردوو لایەنی چەکداری “بزوتنەوەی ئەحرارشام” و “کەرتی رۆژهەڵاتی ئەحرارشام” بەخۆوەبینی، کە گروپی چەکداری سەر بە ئەنقەرەن.

سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، پێکدادانی توندوتیژ لەنێوان هەردوو لایەنەکەدا روویداوە، دوای ئەوەی ئەندامانی گروپی “کەرتی رۆژهەڵاتی ئەحرارشام”، لە ئەندامێکی لایەنی “بزوتنەوەی ئەحرارشام”یان داوە، دوای ئەوەی خەریکی وێنەگرتنی ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بووە کە لە نزیک بارەگاکەیان لە گەڕەکی “ئەشرەفیە” لە عەفرین بەڕێوەچووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بابەتەکە پەرەی سەند و لەگەڵ فراوانبوونی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ فولکەی “ئەلقەپان” لە ناوەندی شارەکە، ئەمەش دۆخێکی ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو دانیشتوانی شارەکەدا دروستکرد لە ئەنجامی تەقەکردنی هەڕەمەکییانە بە نێو ماڵان و دانیشتواندا.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر، ئەندامێکی ئەو گروچەکدارانە بە سوکی بریندار بوو، دواتر گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی سەربازی عەفرین لە دەوروبەری شارەکە.

لە سەرەتای ساڵی 2021دا، گرووپێکی سەربازی لە بزووتنەوەی ئەحرارشام جیابوویەوە، بە سەرۆکایەتی “حەسەن سووفان” کە سەر بە “دەستەی تەحریرشام”ە و نزیکە لە سەرکردەکەی “ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی”، لە ژێر ناوی “کەرتی رۆژهەڵاتی ئەحرارشام”دا خۆی راگەیاند.

سەرەتای مانگی تشرینی دووەم، یەکگرتنەوە لە نێوان “ئەحرار شام”، گەورەترین گروپی “جەیش وەتەنی” و دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشوو) روویدا، دوای ئەوەی سەرکردایەتی ئێستای “ئەحرار شام”،  سەرکردەکانی پێشوویان دوورخستەوە، کە دژایەتی ئەم لێکنزیکبوونەوەیان دەکرد، لەگەڵ بێدەنگیلێکردنی تورکیا، کە ئاماژەیەک بوو بۆ ڕەزامەندییەکی رانەگەیەندراوە دەربارەی ئەم پێشهاتە.

ئامادەکردنی: فاروق حەمۆ – داڕشتنەوەی: مالین محەمەد