سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمەریکا دەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکات، لە بەرامبەر لێدوانێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە دژی حکومەتی عێراق، سەبارەت بە مەرسومی كۆماریی ژمارە 147ی ساڵی 2013ی كە تێیدا دانانی پاتریاك لویس ساكۆ بە پاتریاكی بابل لەسەر كلدانەكانی عێراق و جیهان، هەڵوەشاندۆتەوە.

ئاژانسی هەواڵی عێراقی، بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: “سەرۆککۆمار نیگەرانە لەو تۆمەتانەی کە لەلایەن گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاراستەی حکومەتی عێراق دەکرێن، بۆیە بانگهێشتی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق دەکەن”.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار لە عێراق رایگەیاند، لە دوای پەسەندکردنی دەستوور ساڵی 2005، حکومەتی عێراق بە جددی لەگەڵ ئەمریکا کاری کردووە بۆ بنیاتنانی سیستمێکی یاسایی کاریگەر، کە مافەکانی هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر بکات.

وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆمار جەختیکرد، کە رۆڵی سەرۆک کۆمار پاراستنی دەستوور و چوارچێوە یاساییە دیاریکراوەکانە و مافی ئەوەی نییە ئەو رێوشوێنانە بگرێتەبەر کە پێچەوانەی دەستووری عێراق بێت.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، کشانەوەی فەرمانی کۆماری ژمارە (147)ی ساڵی 2013، کە تایبەتە بە کاردیناڵ لویس ساکۆ، کاریگەری لەسەر پێگەی ئایینی و یاسایی ساکۆ نییە، هەروەها پاتریاک جێگەی رێز و پێزانینیە، سەرۆکایەتی کۆمار، لویس ساکۆ وەک پاتریاکی کەنیسەی کلدان لە عێراق و جیهاندا دەبینێت.

رۆژی سێشەممە، 18ی تەمووزی2023، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، مه‌رسوومی كشانه‌وه‌ی بریاره‌كه‌ی سه‌رۆككۆمار كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دانانی كاردینال پاتریاك لویس رافایل ساكۆ، وه‌ك پاتریاكی كلدانی له‌ عێراق “لێدانه‌ له‌ ئازادی ئایینی”.

كاردینال لویس ساكۆ:

كاردینال لویس ساكۆ، لە 1948لە شاری زاخۆ لەدایکبووە

کاردینال رافایل لویس ساکۆ ساڵی 1974 لە ئەپستۆریای کلدانی موسڵ وەک قەشە دەستنیشانکراوە

لە 1983 لە زانکۆی پاپا لە رۆما بروانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە

1984 بروانامەی ماستەر لە فیقهی ئیسلامی بەدەستهێناوە

1986 بروانامەی دکتۆرای لە زانکۆی سوربۆرن بەدەستهێناوە

2002 بە سەرۆکی ئەپستۆریای کەرکوک هەڵبژێردرا

لە 1ی شوباتی 2013 لە سینۆدی کڵێسا لە رۆما بە پاتریاکی کەنیسەی کلدان هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی شوێنی پاتریاکی دەستلەکارکێشاوەی ئیمانوێل سێیەم دالی بگرێتەوە.

 لە 4ی کانوونی دووەمی 2022 وەک ئەندامی ئەنجومەنی ئابووری لەلایەن پاپای ڤاتیکان دەستنیشانکرا