هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق، لە روپەڕی تایبەتی خۆیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، دەستگیركردنی ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە چەند پارێزگایەکی جیای عێراق، راگەیاند.
بە گوێرەی راگەێنراوی بەڕێوبەرێتیەکە، لە هەریەك لە پارێزگاكانی بەغدا و كەركوك و نەینەوا چەند بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، هاوكات دەست بەسەر 116 هەزار حەپی هۆشبەردا گیراوە.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “دوای چاودێریی و بەدواداچوونی ورد لەلایەن هێزەكانی وەزارەتی ناوخۆوە لە چوارچێوەی هەڵمەتی نیشتمانی دژ بە ماددە هۆشبەرەكان، ئەمڕۆ كۆمەڵێك بازرگانانی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران و 85 هەزار هەزار حەپی جۆری كاپتاگۆن لە بەغدا دەستیان بەسەردا گیرا”.
لە هەمان راگەێنراودا هاتووە، کە “لە كەركوك دەست بەسەر یەك كیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵدا گیراوە، هەروەها لەپارێزگای نەینەواش 31 هەزار حەبی كاپتاگۆنی ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە”.
بە هۆی هاوسنووری لەگەڵ چەند وڵاتێكی كە كانگای ماددەی هۆشبەرن، رۆژانە ماددەی هۆشبەر دەهێنرێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستان و عێراقەوە، لەبەرامبەردا ئۆپراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان بەردەوامە بۆ دەستگیركردنی بازرگان و بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، شارەزایانی عێراقی هۆشداری دەدەن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراق و داوا لە مامۆستایانی ئاینی و میدیا و كەسە دیارەكانی عێراق دەكەن گەنجان و هاوڵاتیانی عێراق لە مەترسییەكانی ماددەی هۆشبەر ئاگادار بكەنەوە.