نیوزلەندا.. چەکدارێک پێش دەستپێکردنی مۆندیالی ئافرەتان دوو کەس دەکوژێت

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمرۆ پێنجشەممە، چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی ئافرەتان لەو شارە، لە ئۆکلاند گەورەترین شاری نیوزلەندا رووداوێکی تەقەکردن روویدا و بەهۆیەوە دوو کەس و هێرشبەرێکی چەکدار کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.

کریس هێپکینز، سەرۆکوەزیرانی نیوزلەندا رایگەیاند، پاڵەوانێتییەکە وەکو وادەی دیاریکراو بەردەوام دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت تەقەکردنەکە لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە و پۆلیس بەدوای کەسی دیکەدا ناگەرێت.

هیپکینز لە میانی کۆنگرەیەکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: “هیچ پاڵنەرێکی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی دیاریکراو بۆ تەقەکردنەکە نەبووە، هەر بۆیەش هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی نییە”.

ئەندرۆ کۆستەر کۆمیساری پۆلیس رایگەیاندووە، لە تەقەکردنەکەدا ئەفسەرێکی پۆلیس بریندار بووە، هەروەها چوار هاوڵاتیش بریندار بووە.

کۆستەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەکدارەکە بە فەرمی نەناسراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت گەنجێکی تەمەن 24 ساڵ بێت و لە شوێنێکی بیناسازیدا کاردەکات کە تەقەکردنەکەی تێدا بووە.

چەکدارەکە لەکاتی سەرکەوتن بۆ نهۆمەکانی سەرەوە تەقەی لە شوێنی بیناسازی کردووە و خۆی لەناو بەرزکەرەوەکەدا قفڵ کردووە و تەقەی زیاتری کردووە پێش ئەوەی دوای ماوەیەکی کەم بە مردوویی بدۆزرێتەوە.

کۆستەر ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارەکە مێژوویەکی توندوتیژی خێزانی هەبووە.

ئۆکلاند پێشوازی لە هەزاران یاریزان و گەشتیارێکی نێودەوڵەتی کرد کە هاتبوون بۆ بەشداریکردن لە خولی نۆیەمی مۆندیالی ئافرەتانی فیفا کە ئوسترالیا و نیوزلەندا بە هاوبەشی میوانداری دەکەن.