وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەربارەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیەکە کۆدەبنەوە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیرانی دەرەوەی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، لە بارەگای سەرەکی یەکێتییەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش بابەتی ئەندامیێتی تورکیا دەبێت لە یەکێتییەکە، بەوەش دووبارە بابەتی ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتیی ئەوروپا دەبێتەوە بە مژار، بەتایبەت کە لە ساڵی 2016ـەوە یەکێتییەکە بەتۆمەتی “پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی سەروەریی یاسا لەو وڵاتەدا”، گفتوگۆکانی ئەندامیێتی تورکیای هەڵپەساردووە.
وابڕیارە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لەڕێگەی ڤیدیۆئۆنلاینەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپادا بکات و تێیدا باس لە ئەندامیێتیی تورکیا لە یەکێتییەکەدا بکات.
دەستتێوەردانەکانی تورکیا لە سووریا، بەرتەسککردنەوەی ئازادیی رادەڕبرین، پرسی قوبرس، لیبیا و رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست لەو پرسە سەرەکیانەن، کە بوونەتە هۆی ناکۆنییەکانی نێوان ئەنقەرە و یەکێتییەکە.
لە ماوەکانی پێشوودا، دەربارەی دۆسیەی بەئەندامبوونی سوێد لە هاوپەیمانی ناتۆ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رەزامەندی وڵاتەکەی بۆ بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بەستەوە بە رەزامەندی یەکێتی ئەوروپاوە لە بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپا، گوتی: “بۆ ئەوەی تورکیا ئەندامیێتی وڵاتەکە لە ناتۆ قبوڵبکات، دەبێت یەکێتیی ئەوروپا، رێگە بۆ ئەندامیێتی تورکیا لە یەکێتییەکە خۆش بکات”.
توركیا لە ساڵی 1987وە داوای ئەندامیێتی پێشكەش بە یەکێتی ئەوروپا كردووە، لە ساڵی 1999وە توركیا بە فەرمی وەك بەربژێری ئەندامیێتی لە یەكێتیی ئەوروپا ناسراوە و دانوسانەکانیش لە ساڵی 2005وە دەستیانپێكردووە.
بەڵام لە ساڵی 2016وە تورکیا لە لایەن یەکێتییەکەوە بە تۆمەتی “پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و نەبوونی سەروەریی یاسا لە وڵاتەکە” تۆمەتبارکرد و بەفەرمی گفتوگۆکانی لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بوونە ئەندامی لە یەکێتییەکە هەڵپەسارد.