ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش دژی “داعش” لە باشووری حەسەکە
حەسەکە-نۆرس پرێس
ئەمرۆ پێنجشەممە، 20ی تەمموزی 2023، هێزەکانی سوریای دیموکرات هەڵوەشاندنەوەی “شانەی تیرۆریستی” سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە باشووری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی هەسەدە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە، دوێنێ، چوارشەممە، لە ئەلدەشیشەی سەر بە شارۆچکەی ئەلشەدادی باشووری حەسەکە، لەلایەن یەکەکانی دژە تیرۆری هێزەکانی حەسەکەوە، بەیارمەتی هێزەکانی دژە تیرۆر لە هەرێمی کوردستانەوە، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “شانەی تیرۆریستی” لە سێ ئەندام پێکهاتبوون “بەشداربوون لە چالاکییە تیرۆریستییەکان و هەوڵدان بۆ لێدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەی دێرەزوور و بە ئامانجگرتنی هاووڵاتیان”.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەئەنجامی ئۆپراسیۆنەکەدا، ئەندامێکی داعش کوژرا و ئەندامێکی دیکەشیان دەستگیرکرا، ئەمە جگە لە دەستبەسەرداگرتنی برێک چەک و تەقەمەنی.