مەزڵوم عەبدی لە یادی شۆڕشی رۆژئاڤادا: “سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی زیاتر پێشدەخەین و فراوانتری دەکەین”

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات “ھەسەدە” لە یادی 11 ساڵەی شۆِرشی 19ی تەمموزی رۆژئاوای کوردستاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ئەو شۆڕشە گەلێک دەستکەوتی مەزنی بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە بەدەستھێناوە، لەسەرووی ھەموویەوە بوون بە خاوەنی ھێزێکی پاراستنی سەرەکی، کە ئێستا ناوی ھێزەکانی سوریای دیموکراتە”.

عەبدی دەربارەی دۆسیەی چارەسەری لە سوریا لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، “تا لە سوریا چارەسەری سیاسی پێشنەکەوێت، گەلانی باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بە تەواوی پێکھاتەکانییەوە نەگەنە مافەکانیان، دەست لە تێکۆشان ھەڵناگرین و دەستکەوتەکانی شۆڕش دەپارێزین”.

لە هەمان پەیامدا راشیگەیاند کە ئەوان سیستەمی خۆبەڕێوەبەریی زیاتر پێشدەخەن و فراوانتری دەکەن. رۆژی 15ی ئاداری ساڵی 2011دا هاوڵاتیانی رۆژئاوای کوردستان دژ بە رژێمی سوریا دەستیان بە راپەڕین کرد، هەوڵەکانی ئەو راپەڕینە بە توندی لە لایەن رژێمەوە بەرپەرچدرایەوە، بەڵام دواتر لە 19ی تەمموزی ساڵی 2012دا بەهێز و خۆڕاگری پیاوان و ژنانی رۆژئاڤا، ئەو ڕاپەڕینە بۆ گەلی کورد و گەلانی سوریا، بوو بە شۆڕشێکی هاوچەرخ و نوێ.