یەکێتی ئەوروپا چارەسەرێک بۆ هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا ئاشکرادەکات

هەولێر – نۆرس پرێس

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا لە برۆکسل رایگەیاند، دوای وەستاندنی دەستپێشخەری دانەوێڵە، پێویستە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا چالاکانەتر لە ئۆکرانیاوە کەلوپەلی خۆراک هەناردە بکەن لە رێگەی خاکەکەیانەوە.

گوتیشی: “جگە لە دەریا، رێگای هاوپشتیمان هەیە کە رێگەمان پێدەدات برێکی زۆر دانەوێڵە هەناردە بکەین، بەو پێیەی رێرەوی دەریایی داخراوە، ناچار دەبین ئەگەرەکانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی بەندەرەکانمانەوە زیاد بکەین. ئەمەش مانای ئەوەیە کە دەبێت وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا هەوڵی زۆر بدەن. دەبێت سنووری زیاتر بکەنەوە و ئاسانکاری بۆ گواستنەوە بکەن، ئێمە زۆرمان کردووە، بەڵام دەبێت زیاتر بکەین”.

پێشتر نوێنەری کۆمیسیۆنی ئەوروپا راگەیاندبوو، کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە پاشخانی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە، چالاکانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا کاردەکات بۆ زیادکردنی توانای ئەو شوێنانەی کە پێیان دەوترێت “رێگاکانی هاودەنگی”. لە رێگەیەوە دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی وشکانییەوە هەناردە دەکرا.

  جێگەی سەرنجە، لە 17ی تەمموزی 2023، رێککەوتنی دانەوێڵەی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کۆتاییهات، که بریاربوو به‌ گوێره‌ی رێکه‌وتنی نێوانیان رێگه‌ به ناردنی دانه‌وێله بۆ ناوچه‌کانی جیهان. رێککەوتنەکە بەو مانایە بووە کە وڵاتان دەتوانن بەردەوام بن لە هەناردەکردنی دانەوێڵە، سەرەرای شەری نێوانیان.

ئەو گرێبەستە بۆ بازاری جیهانی زۆر گرنگە، رووسیا و ئۆکرانیا پێکەوە نزیکەی لەسەدا 30ی هەناردەکردنی گەنمی جیهان و لەسەدا 75ی هەناردەکردنی رۆنی گوڵەبەرۆژە و لەسەدا 20ی گەنمەشامی پێکدەهێنن.