خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا
هەولێر – نۆرس پرێس
خۆپیشاندەرانی توڕە لە رووداوی سووتاندنی قورئان لە سوید، بەرەبەیانی ئەمرۆ پێنجشەممە، 20ی تەمموزی 2023، هەڵیانکوتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا چوونە نێو باڵیۆزخانەکە و بەشێکیان سووتاند.
لە ڤیدیۆ کلیپەکاندا دەیان گەنج دەردەکەون کە بەسەر سیاجەکەی باڵیۆزخانەکەدا سەردەکەون و لە دواهەمینیشدا ئەوەی دەرکەوتووە کە ئاگرێک داگیرساوە و ئاڵا و کۆپی قورئان و لافیتە هەڵدەکەن.
هەڵکوتانەسەر باڵیۆزخانەکە و سووتاندنی لە دوای ئەوەدێت؛ حکومەتی سوید رەزامەندیی لەسەر بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید دەربڕی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی سوید رایگەیاند، سەرجەم فەرمانبەرانی باڵیۆزخانەکە سەلامەتن.
سوید هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی بە “پێشێلکارییەکی جددی رێککەوتننامەی ڤیەننا” وەسفکرد و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە نوێنەرایەتی و کارمەندە دیپلۆماسییەکان بپارێزن.
لەوبارەوە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بە تووندترین شێوە سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوید سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، ئەو کارە پەلاماردانی نێردەی دیپلۆماسی و هەڕەشەکردنە بۆ سەر ئاسایشیان.
پێشتریش لایەنگرانی سەدر داوای خۆپیشاندانەکەیان کردبوو ئەمرۆ پێنجشەممە، بەپێی ئەو پۆستانەی لە سۆشیال میدیا و میدیاکانی دیکە بڵاوکراونەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوای لە لایەنە ئەمنییەکان کردووە کە بەپەلە لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکەوە بکەن و رێکاری تووند بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان لە بەغدا بگرنەبەر، ھەروەھا وردەکارییەکانی رووداوەکە و ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەو کارە ئاشکرا بکەن، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
رۆژی 28ی حوزەیرانی 2023، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا، کەسێکی بە رەچەڵەک عێراقی بە ناوی سەلوان مۆمیکا، لە بەردەم مزگەوتی ستۆکھۆڵم پایتەختی سوید، لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا سووکایەتیی بە قورئانی پیرۆز کرد و دواتر سووتاندی کە ئەم کارەیش کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە و لەسەر ئاستی عێراق و جیھان، بەتوندی سەرکۆنە کرا.