حکومەتی سوریا ئیدانەی بۆردومانی ئیسرائیل دەکات بۆ سەر شوێنەکانی دەوروبەری دیمەشق

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی چوار شەممە حکومەتی سوریا ئیدانەی بۆردومانەکەی ئیسرائیلی کرد کە لە بەرەبەیانی شەوی ڕابردوودا شوێنەکانی دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی کردە ئامانج، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە ئیدانەکردن و پابەندکردنی ئیسرائیل بە وازهێنان لەم سیاسەتە تاوانکارییانە هەڵبگرێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەتی سوریا لە بۆردومانێکی ئیسرائیل کە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریای کردە ئامانج، دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت بریندار بوون و هەروەها زیانی ماددیشی لێکەوتەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەیدا کە ئەمڕۆ بڵاویکردووەتەوە، وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە، هێزەکانی داگیرکەری ئیسرائیل پێداگرن لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی تاوانەکانیان بەرامبەر سوریا و گەلەکەی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سوریا بە توندترین شێوە ئیدانەی بۆردومانکردنی خاڵەکانی ئیسرائیل دەکات لە دەوروبەری شاری دیمەشق.

لە بەیاننامەکەدا داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش کراوە بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئیدانەکردنی ئەو دەستدرێژییە لە ئەستۆ بگرن و دەستبەجێ هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ئیسرائیل پابەند بکەن بە وازهێنان لەم سیاسەتانە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و بڕگەکانی میساقە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وەزارەتی دەرەوە داوای لە وڵاتانی رۆژئاوای کرد کە ڕێگە بە ئەنجومەنی ئاسایش بدەن ئەرکەکانی خۆی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا جێبەجێ بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر  بۆ کۆتاییهێنان بە تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی داگیرکەری ئیسرائیل، بۆ دەستپێکردنی لێپرسینەوە و سزادانیان و دڵنیابوون لەوەی کە دووبارە نەبنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی