گەشتە ئاسمانیەکان لە ئێران هەڵوەشێنرانەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

گەشتە ئاسمانییەکان لە شاری زابولی سەربە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان لە ئێران هەڵوەشێندرانەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرای دەکەن کە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گەشتە ئاسمانیانە بەهۆی خۆڵبارینێکی زۆر لە ئێران بووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئاژانسی هەواڵی فارس بڵاوی کردەوە، بەهۆی خۆڵبارینەوە کارکردن لە دامەزراوەکانی حکومەتی ئێران و بانکەکان دوو کاتژمێر درەنگتر دەستی پێکرد.

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی ماهانیش رایگەیاند، بەهۆی خۆڵبارینەوە گەشتە ئاسمانییەکانی شاری زابولیان هەڵوەشاندووەتەوە.

ئاشکراش دەکرێت، خۆڵبارینەکە تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە ناوچەکانی باکوری ئەو پارێزگایە بەردەوامی دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە سیستان و بەلۆچستان، مەجید موحیبی رایگەیاند، لە ئاکامی ئەو خۆڵبارینەی کە لە 12ی تەمووزەوە شارەکانی زابول، زەهەک، هامون، هیرمەند و نیمروزی گرتووەتەوە هەزار و 47 کەس رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئێران کراون.