5 مانگە دامەزراوەی بازرگانی سوریا خۆراکی پاڵپشتیکراوی دابەشنەکردووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

پێنج مانگ لەمەوبەر کۆمپانیای بازرگانی سوریا دابەشکردنی هەندێک خۆراکی پاڵپشتیکراو و رێکخراوی وەستاند بەبێ ئەوەی هۆکاری دابەشکردنەکە رابگەیەنێت و روونبکاتەوە.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە دامەزراوەی بازرگانی سوریا بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئەمرۆ چوارشەممە، تەرخانکردنی شەکر و برنج لە مانگەکانی یەکەم و شوباتی ئەمساڵدا دابەشکراوە و دوای ئەوەش هیچ دابەشکردنێک لەو دوو کەرەستە ئەنجامنەدراوە.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەو تەرخانکردنانەی لەدەستچووە قەرەبوو ناکرێنەوە، وەک ساڵانی پێشوو، بەو پێیەی سودمەندان هیچ پاڵپشتی و قەرەبوویەکیان وەرنەگرتووە”.

ئاماژەی بەوەدا کە “دامەزراوەکە تەرخانکراوەکانی بەسەر سودمەنداندا دابەش نەکردووە، سەرەرای وەرگرتنی ملیارەها لیرەی سوری”.

روونیشیکردەوە “وادەی کردنەوەی کاتی دابەشکردنی نوێیان رانەگەیاندووە، بەڵام رێککەوتن لەسەر درێژکردنەوەی راگرتنی پشتگیرییەکان بۆ پێنج مانگی داهاتوو”.

لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، لە مانگی ئازار تاوەکو مانگی تەمموز، بریار بوو هەر کەسێکی شایستە پێنج کیلۆ شەکر و برنج وەربگرێت.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “بەهۆی بەردەستنەبوونی کەرەستەی پاڵپشتیکراو (شەکر و برنج)، خێزانەکان مانگانە 90 هەزار لیرەی سوریی زیانیان بەردەکەوێت.”

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا نرخی شەکر 9 هەزار و 500 لیرەی سوریی تێپەراندووە، هاوکات نرخی یەک کیلۆ برنج لە بازاری ئازاددا 10 هەزار لیرەی سوریی تێپەراندووە.

بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە، نرخی شەکر لە بازارەکانی دیمەشق و گوندەوارەکانیدا گەیشتە 12 هەزار لیرەی سوریی بۆ هەر کیلۆیەک، ئەمەش دوای ئەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سوری 10 هەزار لیرەی تێپەراند.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە نرخی خۆراک و کەلوپەلی بەکارهێنی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ و هاوردەکراو چەندین جار بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، کە لە نێوان 20% بۆ 50%دایە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە ئەم زیادبوونانە لە ئەنجامی راگەیاندنی سیاسەتی ئازادکردنی نرخ لەلایەن وەزارەت و دواتر راگەیاندنی نرخەکان لەلایەن هاوردەکاران و جوملەفرۆشەکانەوە بووە.

بەپێی ئابووریناسان، بازارەکان شایەتحاڵی بەرزبوونەوەی نرخ بوون کە لە نێوان 15% بۆ 35% بووە بەهۆی گرانیی تێچووی سووتەمەنی و وزە و دابەزینی بەهای لیرەی سوریی و هەڵوەشاندنەوەی 30 خۆراکی سەرەتایی لە بریارنامەی 1070 کە پێشتر گەرەنتی دارایی هاوردەکردنیان دەکرد لە رێگەی بانکی ناوەندییەوە.