رووسیا ئەمریکا تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی 14 “پێشێلکاری” لە ئاسمانی سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

رووسیا رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ماوەی دوێنێ، سێشەممەدا، 14 جار “پرۆتۆکۆلی بەریەکنەکەوتن”یان لە سوریا پێشێل کردووە.

ئەم راگەیاندنە لەلایەن ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریاوە هات، کە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەیە، دوای چەند کاتژمێرێک لە راگەیاندنێکی ئەمریکا، کە “فڕۆکە شەڕکەرەکانی رووسیا گەشتێکی مەترسیداریان لە نزیک فڕۆکەیەکی ئەمریکی لە ئاسمانی سوریا ئەنجامداوە”.

رووسیا رایگەیاند، ئەو 14 پێشێلکارییەی ئەمریکا لە چوارچێوەی پابەندنەبوون بە پرۆتۆکۆلەکانی بەریەکنەکەوتن، کە لە 9ی کانوونی دووەمی 2019 واژۆکراون تۆمارکراون.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە رووسییە لە سەنتەری ئاشتەوایی، مۆسکۆ جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “ئەم جۆرە کارانە پێشمەرجی جددی بۆ رووداوەکانی فڕۆکەوانی دروست دەکەن، بەتایبەت بۆ فڕۆکە مەدەنییەکان کە گەشتی ئاسایی ئەنجامدەدەن”.

لە لایەکی دیکەوە دوێنێ سێشەممە، هێزی ئاسمانی ئەمریکا رایگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییە رووسییەکان، پرۆتۆکۆڵیان پێشێل کردووە و ژیانی کارمەندانی فڕۆکە ئەمریکییەکەیان خستۆتە مەترسییەوە.

ئەمەش پێنجەمین رووداوی  لەو جۆرەیە، لانیکەم لە سەرەتای ئەم مانگەوە، لە نێوان فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا و رووسیادا روودەدەن، کە ئەمریکا بە “رووداوی ناپارێزراو یان ناپڕۆفیشناڵ” ناویان دەبات.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر