دیپلۆماتکارێکی بەریتانی هۆشداری دەداتە حکومەتی وڵاتەکەی لەبەرانبەر نەگەڕاندنەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی لە سوریا
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
وەزیرێکی پێشووی کابینەی ئەنجومەنی وەزیرانی بەریتانیا، هۆشداریدا لەوەی بەریتانیا مەترسی “شەرمەزاری نێودەوڵەتی” لەسەرە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە 25 خێزانی بەریتانی لە رۆژئاوای کوردستان بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەی.
دەیڤید دەیڤس، وەزیری پێشووی دەرەوەی بەریتانیا کە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی کۆمۆنەکانی بەریتانیایە، داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد پێداچوونەوە بە سیاسەتەکەیدا بکات و بەرپرسیارێتی هاوڵاتیانی خۆی لە ئەستۆ بگرێت، کە بە وتەی خۆی “بەبێ تۆمەت دەستبەسەر دەکرێن”، بەتایبەتی منداڵان.
لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری ئەمریکی و بەریتانی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، داوایان لە حکومەتی بەریتانیا کرد، ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان گیریان خواردووە، رزگار بکات و بگەڕێنێتەوە.
خێزانە بەریتانییەکان لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستانن، نزیکەی چوار ساڵە، دوای رووخانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لەسەر دەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ ئەنجومەنی کۆمۆنەکان، دەیڤس گوتی، “زۆربەی وڵاتانی ناتۆ، لەوانەش ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا، هاووڵاتییانیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە سوریا گەڕاندەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەکرد: لە کاتێکدا بەریتانیا چەندین جار رەتیکردۆتەوە ئەو کارە بکات، بەڵام ئێستا وڵاتێکی دوور لە جیهانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، 25 خێزانی بەریتانی بەبێ تۆمەت و دادگاییکردن لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستان راگیراون.
لە ساڵی 2019ەوە لانیکەم 38 وڵات هاوڵاتییان (هەندێک یان زۆر)یان گەڕاندۆتەوە بۆ وڵاتەکانیان، لەوانە فەرەنسا، ئیسپانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، ئەڵمانیا، بەلجیکا و هۆڵەندا، ئەمریکاش نزیکەی هەموو هاووڵاتیانی خۆی گەڕاندۆتەوە.
بەڵام بەریتانیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین ڕێکارەکانی گەڕانەوە توندتر دەکات و گەڕانەوەشیان بە پێشێلکردنی سیاسەتی دەرەوە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکە دەزانێت.
حکومەتی بەریتانیا بەرگری لە دیدگای خۆی دەکات لەسەر بنەمای ئەوەی کە ئەولەویەتەکانی بریتییە لە “دڵنیابوون لە سەلامەتی و ئاسایشی بەریتانیا، بەو پێیەی ئەم خێزانانە و بیرۆکەکانیان هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی بەریتانیا.”
لە حاڵەتە نائاساییەکاندا، بەریتانیا هەر داواکارییەک بەجیا لەبەرچاو دەگرێت، بۆ نموونە “بووکی داعش” شەمیمە بێگەم، لەلایەن دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاریدا رێگەی پێنەدرێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکە و دووبارە مافی وڵاتینامە بەدەستبهێنێت.
بێگەم یەکێکە لەو 60 ژن و منداڵە بەریتانییەی کە ئێستا لە سوریادان و بەبێ هاوکاری حکومەتی بەریتانیا هیچ ئامرازێکیان نییە بۆ جێهێشتن.
بیگم تەمەنی 15 ساڵ بوو، کاتێک لە ڕۆژهەڵاتی لەندەنەوە، لە ڕێگەی تورکیاوە، گەشتێکی کرد بۆ ئەو خاکەی کە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە کۆنترۆڵکرابوو، لە ساڵی 2015، پێش ئەوەی لە شوباتی 2019 رەگەزنامەکەی هەڵبوەشێتەوە.
دەیڤس پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا وەزارەتی دەرەوە پێداچوونەوە بەو سیاسەتەدا دەکات بۆ ئەوەی تووشی شەرمەزاری نێودەوڵەتی نەبێت بەهۆی هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی بەریتانیا لە بەرامبەر هاووڵاتیانی خۆیدا.