بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێک لە سەربازگەیەکی کریمیا نزیکەی دوو هەزار کەس ناوچەکە چۆڵ دەکەن
دیمەشق – نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە کریمیا کە لەژێر کۆنترۆڵی رووسیادایە رایانگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە بنکەیەکی سەربازی لە نیمچە دوورگەکەدا نزیکەی دوو هەزار کەس ناوچەکەیان چۆڵ کردووە.
حاکمی کریمیا کە لەلایەن مۆسکۆوە پاڵپشتی دەکرێت، رایگەیاندووە، لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوە لە بنکە سەربازییەکە، دوو هەزار کەس ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوەکە دەستبەجێ رانەگەێنراوە، بەڵام پێدەچێت ئۆپەراسیۆنێکی ئۆکرانیا بێت، لە چوارچێوەی هێرشەکانی بەرپەرچدانەوەدا، وەک ئەوەی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە پردی کریمیا روویدا.
بە گوێرەی پلانێک و بەشێوەیەکی کاتیی، دانیشتوانی چوار شاری نیشتەجێکردن کە نزیکەی دوو هەزار کەس بوون ناوچەکەیان چۆڵکرد، لە ناوچەی کیرۆڤسکی لە نیمچە دوورگەی دەریای رەش.
لەلایەکی دیکەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەسەڵاتدارانی ئۆدێسای ئۆکرانیا، رایانگەیاند، رووسیا بۆ دووەم شەو لەسەر یەک لەدوای کشانەوەی لە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە، هێرشەکانی لە ناوچەکە دەستپێکردووە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاند کە لە هێرشێکی رووسیادا بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کۆی 63 ئامانج 37 ئامانجیان خستووەتە خوارەوە کە 23 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ و 14 مووشەکی کروز بوون.
هێزەکانی ئاسمانی ئۆکرانیا رایگەیاندووە، لە هێرشە شەوانەکاندا هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی گرنگ و دامەزراوە سەربازییەکان، هەروەها ئامانجی سەرەکی ناوچەی ئۆدێسا لە باشووری ئۆکرانیا بووە.
دۆخی ئاگادارکردنەوە بۆ زیاتر لە دەیان قەزا لە سەرانسەری ئۆکرانیا دەرچووە.
دوێنێ سێشەممە، هێرشێکی رووسیا زیانی بە دامەزراوەکانی بەندەری ئۆدێسا گەیاند، دوای ئەوەی مۆسکۆ لە رێککەوتنی ئاسانکاری بۆ ناردنی دانەوێڵە لە ئۆکرانیا کشایەوە.
دوای کشانەوەی لە رێککەوتنەکە، کرێملین هۆشدارییەکی پەردەپۆشکراوی سەبارەت بە داهاتووی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای ڕەشەوە بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کیێڤ رێڕەوی هەناردەکردن بۆ “مەبەستی شەڕکردن” بەکاردەهێنێت.