وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا تاوتوێی رێکخستنی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی دووهەم دەکەن دەربارەی سوریا

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە رێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، هاوتا رووسییەکەی، تاوتوێی رێکخستنی دووەمین کۆبوونەوەی چوارقۆڵیان لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە کردووە، بە بەشداریی وڵاتانی رووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران.

یەکەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە لە 10ی ئایاردا لە مۆسکۆ بەڕێوەچوو و کۆبوونەوەکە نوێنەرایەتی یەکەمین کۆبوونەوەی نێوان باڵاترین بەرپرسانی دیپلۆماسی تورکیا و سوریای دەکرد، لە دوای دەستپێکردنی شەڕی 12 ساڵەی ئەو وڵاتە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران له راگەێنراوێکدا گوتی: “لە پەیوەندییه تەلەفۆنییەکەدا پرسی بەڕێوەچوونی دووهەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئێران، رووسیا، تورکیا و سوریا، له چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە تاوتوێ کرا”، بەڵام بەبێ دیاریکردنی وادەیەک یان باسکردنی وردەکارییەکانی.

لە ئەنجامی یەکەم کۆبوونەوەدا، چوار وەزیرەکە رێککەوتن لەسەر ئامادەکردنی رەشنووسی نەخشەڕێگا بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا پێشتر لە نەخشەڕێگای رێککەوتن لەسەر تەوەری کارەلەپێشینەکانی دەستنیشانکردبوو، لەنێویاندا “چارەسەرکردنی کێشەی گەڕاندنەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی سوریا بەسەر هەموو بەشەکانی وڵاتدا، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی سوریا و تورکیا و نەهێشتنی ئەگەری هێرشی سنووربەزێن و دزەکردنی تیرۆریستان”.

بەڵام دوایین لێدوانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رەنگە ببێتەڕێگر لە کۆبوونەوە گوماناوییەکە، کە پێرێ، پێش ئەوەی بەرەو وڵاتانی کەنداو بەڕێکەوێت، رایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی لە سوریا ناکشێنێتەوە، هەرچەندە خواستی خۆی بۆ کۆبوونەوە راگەیاند لەگەڵ ئەسەد، بەڵام بەشار ئەسەد لە چەندین بۆنەدا دووبارەی کردەوەتەوە، کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی ناکاتەوە، بەرلەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی سوریا نەکشێنەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر