برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت بەهۆی بۆردوومانێکی ئیسرائیلەوە لە چواردەوری دیمەشق
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئاژانسی “سانا”ی سەر بە حکومەتی دیمەشق بڵاویکردەوە، کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو ئەندامی هێزەکانی حکومەت، بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە کە دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی سوریای کردە ئامانج بریندار بوون، هەروەها زیانی ماڵیش لێکەوتەوە.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، “نزیکەی کاتژمێر 12:25 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، دوژمنی ئیسرائیل بە مووشەک لە ئاراستەی باکووری جۆلانی سوریای داگیرکراوەوە، دەستدرێژییەکی ئاسمانی ئەنجامدا و هەندێک خاڵیان لە دەوروبەری دیمەشق کردە ئامانج و هێزەکانی بەرگری ئاسمانیمان رێگریان لە مووشەکەکانی دەستدرێژییەکاران کرد و زۆربەیان خستە خوارەوە”.
لای خۆیەوە روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، بۆردومانەکە شوێنە سەربازییەکانی نزیک فڕۆکەخانەی “ئەلدیماس” و ناوچەی “ئەلسەبورە”ی لە دیمەشق کردۆتە ئامانج کە کەتیبەکانی “فیرقەی چوارەم”ی حکومەت و کۆگاکانی “حیزبوڵڵا”ی لوبنانی لێیە، بۆردوومانەکەش بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە شوێنە بەئامانجکراوەکان، بە گوتەی روانگەی سوری.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی بۆردومانی دیمەشقەوە نەداوە.
ساڵانێکە ئیسرائیل ئەو پێگانە دەکات بەئامانج، کە بە “ئامانجی ئێرانی” یان پەیوەندیدار بەوانەوە، ناوزەدیان دەکات، بە وتەی ئەوان، لەو ناوچانە کاریگەری تاران و میلیشیاکانی سەر بەوان لەزیادبووندایە، دوای پشتگیریکردنی تاران بۆ “بەشار ئەسەد”ی سەرۆکی سوریا لەو ململانێ خوێناوییانەی کە لە ساڵی 2011ەوە بەردەوامە.