سەرۆكایەتی هەرێم راگەیەندراوێكی لەبارەی كۆبونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆكی ئازەربایجان بڵاوكردەوە
هەولێر-نۆرس پرێس
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ باکۆی پایتەخت و لەکۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجان، جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ سەرۆکی ئازەربایجانەوە لە کۆشکی کۆماری بە گەرمی پێشوازی لێکرا.
هەردولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا کردەوە
لە کۆبونەوەکی دۆستانەی دوقۆڵیدا هەردولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئازەربایجان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەمو بوارەکاندا کردەوە، بەتایبەتی لە بواری ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری و وزەدا و دەرفەتی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییان بۆ کۆمپانیاکانی ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق تاوتوێکرد.
هەر لەمبارەیەوە جەخت لە گرنگیی کردنەوەی کونسلخانەیەکی گشتیی ئازەربایجان لە هەرێمی کوردستان کرایەوە کە پێشتر بڕیاری لێدراوە و باسی ڕێکارەکان کرا بۆ ئەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا بکرێتەوە و کار بکات بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەشی هەردولا.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، دوایین ڕێکار و هەنگاوەکانی گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانیی هەولێر ـ باکۆ و باکۆ لەگەڵ بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق و ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا و ئاڵوگۆڕی سەردان و شاندەکانی هەردولا، خرایە بەر باس.
پاشان لە کۆبونەوەیەکی دیکەدا کە بە ئامادەبونی شاندی هەردولا و بەشداریی هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە باکۆ بەڕێوەچو، کەناڵەکانی پەیوەندی و ڕێکارەکانی بەدواداچونی تەوەرەکانی کۆبونەوەی هەردو سەرۆک بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان، تاوتوێ کران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.