هەسەدە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی رووسیا بە گرنگ دەزانێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) جەختی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هێزەکانی رووسیا لە رۆژئاوای فورات کردەوە، بەو پێیەی کە رووسیا گەرەنتی رێککەوتنی ئاگربەستە لە باکووری سوریا دەکات.

ئەمرۆ سێشەممە 18/7/2023 ئەنجومەنی سەربازی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بە ئامادەبوونی مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە کۆبووەوە.

ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە بەردەوامی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی بەرێوبەرایەتی خۆسەر و بەرفراوانی پانتای هێرشەکان کرا، هەروها ئەرک بەرپرسیاریەتی لایەنە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەو هێرشانە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

لە کۆبوونەوەکەدا بریاردرا، “ئاستی هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی رووسیا لە رۆژئاوای فورات، وەک گەرەنتییەک بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی هێرشەکان زیادبکرێت”.

لە ساڵی 2019، دوای لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ سەر شارەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی لە رۆژئاوایی کوردستان، مۆسکۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئەنقەرە واژۆ کرد.

دواتر، لە رێگەی لێکتێگەیشتنێک لەگەل “هەسەدە”دا، هێزەکانی رووسیا و حکومەتی سوریا، چوونە نێو شاری مەنبەج ، کۆبانی و قامیشلۆ.

لە ئێستادا، هێزەکانی رووسیا لە شارۆچکەی مەنبەج بونیان هەیە، چاودێری هێرش و بۆردمانەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوایی رووباری فورات دەکەن.

هەسەدە، دەلێت ” ئاساییکردەنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی سوریا و تورکیا، تەنها سەرەتایەکی نوێیە بۆ تێکدانی زیاتری دۆخی مرۆیی و سیاسی لەسەر گۆرەپانی سوریا.”

بەپێی راپۆرتی ناوەندی راگەیاندنی هێزەکان، “هەر هەوڵێکی سوریا بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پلانەکانی تورکیا دژی بەرێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا، تەنها ئەنجامێکی نەرێنی بۆ هەموو ناوچەکانی سوریا دەهێنێت و زیان بە چارەسەری داهاتووی قەیرانی سوریا دەگەیەنێت”.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە هەرەشەی شانەکانی داعش کرا، و جەختیان لە سەر گرنگی زیادکردنی هەماهەنگی و خێراکردن و فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازییەکان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ سنووردارکردنی توانای دووبارە سەرهەڵدانی داعش کرا.