دیمهشق – نۆرس پرێس
شەش هاووڵاتیی سوریی کە بۆ بەشداریکردن لە پرۆگرامێکی پەروەردەیی روویان لە رووسیان کردبوو، لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دیارنەماون.
بەگوێرەی بەشێک لە میدیایی رووسی، کەسە ونبووەکان لەنێو 16 کەسەدا بوون کە سەرەتای مانگی تەمموز گەیشتوونەتە پایتەختی ئەو وڵاتە.
ئاژانسی هەواڵی “تاس” رایگەیاندووە، ئەو کەسانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرۆگرامێکی پەروەردەییدا، سەردانی رووسییان کردووە و لە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوونی سەر بە پەیمانگای پوشکینی حکومی بۆ زمانی رووسی لە شەقامی ڤۆڵگین لە پایتەخت دەمانەوە.
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان، سەرەتا سەرجەم ئەندامانی ئەو هاوڵاتیانە سورییانە رۆژانە بەشدارییان لە وانەکاندا دەکرد، بەڵام دواتر شەش کەس دیارنەماون و هیچ هەواڵێکیان لەسەر نییە.
بەشێک لە میدیاکانی رووسیا رایانگەیاندووە، بەرپرسی بەشی خوێندکارە بیانییەکان پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە، ئاگاداریان کردوون کە شەش کەس دیارنەماون.
بەپێی زانیارییەکان، بچووکترینی بێسەروشوێنەکان تەمەنی 24 ساڵە، بەتەمەنترینیان تەمەنی 45 ساڵە.
بەگوێری بەشێک لە سەرچاوانە کە لێدوانیان بە میدیای رووسیانداوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کەسە ونبووەکان پرۆگرامی پەروەردەیییان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بگەنە مۆسکۆ و دواتر لە رووسیاوە روویان لە وڵاتێکی دیکە کردووە.