مەزەندە دەکرێت کە تەنها لە ئەسینای پایتەختی یۆنان نزیکەی 15 هەزار پەنابەر دەستیان بە ژەمە خۆراکی گونجاوی ڕۆژانە ناگات
هەولێر- نۆرس پرێس
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، حکومەتی یۆنان سەرجەم هاوكاریەكانی بۆ پەنابەران راگرتووە و پەنابەران لەدۆخێكی خراپدان، بۆ ئەو پەنابەرانەش راگیراون كە مۆڵەتی مانەوەیان لەو وڵاتەدا هەیە.
دەزگای لوتکە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لەڕاگەیەندراوێكدا بلآویكردەوە، پەنابەران لە یۆنان بەدەست خراپی گوزەرانیانەوە دەناڵێنن و لە بارودۆخێکی سەختی ژیاندان و لەلایەن حکومەتی یونانەوە پشتگوێخراون، ئەو پەنابەرانەی کە داوای مافی پەنابەریان پێشکەش کردوە و لەچاوەروانی وەڵامدانەوەدان و هەروەها ئەو پەنابەرانەیشی کە مافی پەنابەریان بەدەستهێناوە لە یۆنان هەموو یارمەتییەکانی حکومەتیان لەدەستداوە.
دەزگای لوتکە باسی لەوەشكردووە، بەدواداچونیان بۆ ڕاستی ئەو هەواڵانە و دوای بڵاوبونەوەی چەند وێنەیەک و هەواڵی خراپی گوزەرانی پەنابەران لە وڵاتی یۆنان كردووە، یۆنان ئەو یارمەتیانەی كەمكردووەتەوە کە پێشکەش بە پەنابەران دەکرێت.
دەزگایەکە باسی لەوەشكردوە، تا ئێستا یارمەتی دارایی پێشکەش بە پەنابەران کراوە، بەڵام لەئێستادا کۆتایی بەهەموو جۆرە یارمەتیەک هێنراوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە کانونی دووەمی ئەمساڵ حکومەتی یۆنان لە ئەسینای پایتەخت کۆتایی بە بەرنامەیەک هێنا کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە پارەی بۆ دابینکرابوو، بۆ پێشکەشکردنی شوێنی نیشتەجێبون بۆ پەنابەرە دانپێدانراوەکان.
مەزەندە دەکرێت کە تەنها لە ئەسینای پایتەخت نزیکەی 15 هەزار پەنابەر دەستیان بە ژەمە خۆراکی گونجاوی ڕۆژانە ناگات، هۆکاری کۆتاییهێنان بە یارمەتیدانی پەنابەران تا ئێستا لەلایەن حکومەتی یونانەوە ئاشکرا نەکراوە و لەلایەن یەکێتی ئەوروپاشەوە هیچ هەڵوێستێک لەو بارەیەوە نەبینراوە.