لە میانی گەشتەکەیدا بۆ چەند وڵاتێکی کەنداو.. سەرۆککۆماری تورکیا گەشتە سعودییە

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گەیشتە وڵاتی سعودییە، کە یەکەم شوێنە بەفەرمی بۆی بڕوات، دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا، سەردانەکەش لە سەرەتای گەشتێکیدا بوو، کە بڕیارە بۆ چەند وڵاتێکی کەنداو لەنێویاندا ئیمارات و قەتەر، ئەنجامی بدات.

لە میانەی سەردانەکەدا، ئەردۆغان بڕیارە چاوی بە شانشینی ئەو وڵاتە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز و شازادەی جێنشین محەمەد بن سەلمان بکەوێت، بۆ تاوتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.

ئەردۆغان لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا پێش ئەوەی وڵاتەکەی بەجێبهێڵێت رایگەیاند، “لە سەردانەکەیدا بۆ سعودیە، باس لە بوارەکانی وەبەرهێنان دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، سعودیە یەکێکە لە گرنگترین وڵاتەکانی ناوچەکە”.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو لە 1.6 ملیارەوە زیادیکردووە بۆ نزیکەی 22 ملیار دۆلار.

 گوتیشی بەردەوام دەبن لە پاڵنانی ئەم ژمارەیە بۆ ئاستێکی زۆر زیاتر لە میانی گەشتەکەیدا بۆ کەنداو، لە رێگەی ئەو مەکۆ بازرگانیانەی کە رێکدەخرێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهێزکردنی مامەڵەی بازرگانی و وەبەرهێنانی تورکیا لەگەڵ سعودیە و قەتەر و ئیمارات لە ماوەی داهاتوودا لە لوتکەی کارنامەی گەشتەکەیدا دەبێت بۆ کەنداو، کە تیشک دەخاتە سەر هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە هەموو لایەنەکان دەتوانن چی بکەن کە هەردوو لا تێیدا سودمەند بن.

جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا لەم ماوەیەی دواییدا مەودایەکی گرنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا دروستکردووە، ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتەکەی شاهیدی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی ماددی و ئەخلاقی بووە لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە دوای کارەساتی ئەو بوومەلەرزەیەی مانگی شوباتی رابردوو روویدا.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێشدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دەربڕی و رەتیکردەوە هێزەکانیان لە باکووری سوریا بکشێنێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی