واشنتۆن: راگرتنی رێککەوتنی دانەوێڵە “کردەوەیەکی دڕندانەیە” و زیان بە ملیۆنان کەس دەگەیەنێت

قامیشلۆ – نۆرس پرێس
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمرۆ دووشەممە وێرای ئیدانەکردنی کشانەوەی رووسیا لە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا و بە “درندەیی” وەسفی کرد، هاوکات کۆشکی سپی رایگەیاند کە بریارەکەی رووسیا “دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و زیان بە ملیۆنان کەس دەگەیەنێت”.
لیندا تۆماس گرینفیڵد بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، “لەکاتێکدا رووسیا یارییە سیاسییەکان دەکات، خەڵکی راستەقینە زیانیان پێدەگات” و مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بەوەی “مرۆڤایەتی بە بارمتە گرتووە”.
کۆشکی سپی لەبارەی بریارەکەی مۆسکۆ بۆ راگرتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە رایگەیاند، “ئەمە دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایشی خۆراک و زیان بە ملیۆنان کەس دەگەیەنێت”.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری ئادەم هۆدج، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، “داوا لە حکومەتی رووسیا دەکەین دەستبەجێ بریارەکەی پێچەوانە بکاتەوە”.
مۆسکۆ: بریارەکەمان کۆتاییە
هاوکات لەگەڵ هۆشدارییەکەی ئەمریکا، مۆسکۆ لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە بریاری وڵاتەکەی بۆ درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە لە دەریای رەشدا کۆتاییە و هیچ پلانێک نییە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە.
ئۆکرانیا داوای دەستێوەردان دەکات
لەلای ئۆکرانیا، سێرهی نیکیفۆرۆڤ، گوتەبێژی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە زاری سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا رایگەیاندووە، پێویستە هەموو شتێک بکرێت بۆ ئەوەی رێرەوی هەناردەکردنی دانەوێڵە لە رێگەی دەریای رەشەوە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی.
ئەم رێککەوتنە کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا ئەنجامدرا، ئامانجی کەمکردنەوەی قەیرانی خۆراکی جیهانییە لە رێگەی کردنەوەی دەرگای هەناردەکردنی سەلامەتی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کە بەهۆی ململانێی رووسیا و ئۆکرانیا رێگری لێکرا.