بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکردنی گروپێکی چەکداری نایاسایی ڕاگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەندامانی گروپێکی چەکداری نایاسایی دەستگیرکرد کە ناویان لەخۆیان نابوو فەوجە خۆبەخشەکەی گەرمیان.

بەڕێوەبوەرایەتی گشتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، لە ئەنجامی هەوڵەبەردەوامەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم لە پێناو زیاتر چەسپاندنی یاسا و ڕێگریکردن لە هەموو کارێکی نایاسایی و تێکدەرانە و دابینیکردنی ئاسایش و ئارامی، هێزەکانی دەزگای ئاسایش، ئەمڕۆ بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، توانیان دوای ڕووبەڕوبونەوە ئەندامانی گروپە چەکدارە نایاساییەکە دەستگیربکەن، کە ببونە هۆی پشێوی و نائارامی لە ناوچەکە و هەستاون بە خۆنمایشکردن و وەرگرتنی سەرانە و هەڕەشەکردن و تەقەکردن و تۆقاندنی هاوڵاتیان.

لە کاتی دەستگیرکردنی چەکدارەکان، ڕووبەڕووی هێزەکانی ئاسایش بونەوە، لە ئەنجامدا دوو کارمەندی ئاسایش برینداربوون لە کاتی ڕوبەڕووبونەوەکەدا دوو لە چەکدارەکان برینداربوون و یەک چەکداریش گیانی لەدەستدا.

ئێستادا بە فەرمانی دادوەر بە ماددەی 156 لەیاسای سزادانی عێراقی ئەندامانی گروپە چەکدارەکە دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی یاسا کرانەوە.