سەرۆکی حکومەت نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێم لە ئەمەریکا دەستنیشان دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، (تریفە عەزیز)ی وەک نوێنەری نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەستنیشان کرد.
تریفە عەزیز لەم دواییانەدا، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بوو. پێشتریش بۆ زیاتر لە 25 ساڵ، لە ئەرکی جۆراوجۆردا لە ئەمەریکا لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کاری کردووە.
نوێنەری پێشووی حکومەتی هەرێم (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، دوای هەشت ساڵ لە واشنتن دی سی، دەگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و وەک ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەت لە هەولێر دەستبەکار دەبێت. پێشتریش بۆ ماوەی 10 ساڵ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لە بەریتانیا. هەروەها ماوەیەکی زۆریش کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەت، پیرۆزبایی لە هەردوو بەرپرسەکە دەکات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت لە پێناو بەردەوامبوونیان لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان.