ئەردۆغان: دەرگامان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد کراوەیە بەڵام لە سوریا ناکشێینەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا دەربڕی، هاوکات رەتیکردەوە هێزەکانی تورکیا لە باکووری سووریا بکشێنێتەوە.

رۆژی دووشەممە، 17ی تەمموزی2023، ئەردۆغان، لە فرۆکەخانەی ئەتاتورک پێش ئەوەی بەرەو سعودیە بەرێکەوێت، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا.

ئەردۆغان گوتی: “ئەسەد دەیەوێت هێزەکانی تورکیا، باکوری سوریا بەجێبهێڵن، شتی وا روونادات، ئێمە لەوێ شەڕی تیرۆر دەکەین”.

لە گۆنگرەکەدا، سەبارەت بە کۆبوونەوە لە گەڵ ئەسەد و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و ئەنقەرە، ئەرۆغان دەلێت: “سەبارەت بە خاڵی کۆبوونەوە لەگەڵ ئەسەد، ئامادەن، دەتوانین کۆببینەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەلوێستی دیمەشق بەرامبەر ئێمە چۆنە”.

ئەردۆغان باسی لە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کرد و ئاماژەی بەوەدا کە “قەیرانەکانی جیهانی ئیسلامی پێویستی بە راوێژ و هاوکارییەکی نزیک لە نێوان تورکیا و کەنداو هەیە”، ئەوەشی ئاشکراکرد کە قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانی نێوان تورکیا و وڵاتانی کەنداو، لە یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 22 ملیار دۆلار لە 20 ساڵی رابردوودا زیادیکردووە.

سەبارەت بە رێککەوتنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریایی رەشەوە، کە ئەمرۆ رووسیا لێکشایەوە، ئەردۆغان هیوای خۆی دەربری کە رێککەوتنەکە نوێبکرێتەوە. سەرۆکی تورکیا دەلێت، پێیوایە سەرۆکی رووسیا دەیەوێت ئەم پردە مرۆییە بەردەوامبێت، هاوکات رایگەیاند، لە پەیوەندییە تەلەفۆنێکەیدا لەگەڵ پوتیندا لە داهاتوێکی نزیکدا، لە سەر ئەم پرسە گفتوگۆ دەکەین.