لە ماوەی کەمتر لە رۆژێکدا..ئەنقەرە 200 پەنابەری سوریا دیپۆرت دەکاتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 68 هاوڵاتی سورییان لە دەروازەی باب ئەلهەواوە، بۆ ناوچەکانی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا، بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن، دیپۆرت کردەوە.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە دەروازەی باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا 68 هاوڵاتی سورییان فڕێداوەتە ناو گۆڕەپانی دەروازەی باب ئەلهەواوە لە باکووری ئیدلب، کە 11یان ژن بوون، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن لە دەستگیرکردنەکە ئاگادار بکەنەوە لە دیپۆرتکردنەوەیان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا چاپی چاو و پەنجەمۆر و سەرجەم ناسنامەکانیان بردوون، بۆ ئەوەی رێگری لە گەڕانەوەیان بۆ ناو خاکی تورکیا بکەن.
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، دوێنێ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 130 پەبانەری سورییان دیپۆرتکردەوە ، لە دەروازەی سنووری گرێ سپییەوە لەگەڵ تورکیا، لە باکووری رەققە، کە چەکدارانی “جەیش وەتەنی” سەر بە تورکیا کۆنترۆڵی دەکەن.
سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە تورکیا بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، لەنێو ئەو کەسانەی دیپۆرتکراونەتەوە نزیکەی 10 کەسی بیانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان هەیە، کە بەشێکیان ئەفغانی بوون، کە ژمارەیەکیان لە لایەن گروپەکانی “جەیش وەتەنی” ەوە دەستگیرکراون.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلی دیپۆرتکردنەوەکان زیادی کردووە و زۆربەیان لە دەروازەکانی گرێ سپی لە گوندەواری رەققە و سەرێ کانیێ لە باکووری حەسەکەوە بوو، کە ناوچەکی کوردستانین و لە لایەن تورکیا و گروپەکانی سەر بەوانەوە داگیرکراون.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا هەڵمەتێکی ناردنەوەیان لە دژی ئەو پەنابەرە سورییانەی کە لەسەر خاکی تورکیا نیشتەجێن، بەتایبەت لە شاری ئیستەنبوڵ دەستپێکرد، بە گوتەی چالاکوانان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە زیاتر لە 800 کەسیان دیپۆرتکردووەتەوە.