بەهۆی هەناردەکردنیەوە بۆ تورکیا.. نرخی زەیتی زەیتوون بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە
ئیدلیب – نۆرس پرێس
نرخی زەیتی زەیتون لە ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بۆ یەکەمجاریش گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، ئەمەش بەهۆی بەقاچاخبردن و هەناردەکردنی بۆ تورکیا و ناوچەکانی دراوسێیەوە.
سەرچاوە ناوخۆییەکان لە ئیدلبەوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، دوێنێ یەکشەممە، نرخی یەک تەنەکەی زەیتی زەیتون (16 کیلۆ) گەشتە 75 دۆلار (790 هەزار لیرەی سوری)، واتە زیاتر لە چوار دۆلار و نیو بۆ هەر کیلۆیەک.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە نرخی ئەو تەنەکەی پێشتر باسمان کرد ماوەیەک لەمەوبەر لە 50 دۆلار تێپەڕی نەدەکرد، بەڵام بەهۆی بەقاچاخبردن و هەناردەکردنیەوە، نرخەکان بەرێژەیەکی زۆر بەرزبووەوە کە بۆ یەکەمجارە ئەم نرخە بەرزانە تۆماربکرێن.
هەر ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشتر) زەیتی زەیتون لە دەروازەی سنووری باب ئەلهەواوە لەگەڵ تورکیا، هەناردەی خاکی تورکیا دەکات، هاوکات گروپەکانی “جەیش وەتەنی”یش لە باکووری حەڵەب بە قاچاخ زەیتەکە دەگوازنەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت.
ناوچەکانی باکوری رۆژئاوای سوریا بەتایبەتی ئیدلیب و عەفرین لەو ناوچانەی سوریا و رۆژئاوای کوردستانن، کە زۆرترین درەختی زەیتونیان تێدایە و زەیتی زەیتون بەرهەم دەهێنن، سەرەڕای ئەمەش ئێستا زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە ناتوانن زەیتەکە بکڕن، کە پێشتر بە یەکێک لەو ناوچانە دادەنرا بۆ پێداویستییە سەرەکییەکان.