ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی داخراوی تایبەت بە سوریا بەڕێوەدەبات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەیەکگرتووەکان، دانیشتنێکی تایبەت بەڕێوەدەبات و دواتر راوێژکاری داخراو بەڕێوە دەچێت بۆ تاوتوێکردنی دۆخی مرۆیی سوریا.
بەڕازیل و سویسرا کە بەشداریان کرد لە نووسینەوەی دۆسیەی مرۆیی سوریادا، داوای ئەم راوێژکارییە داخراوانەیان کردووە، دوای ئەوەش رووسیا داوای لە ئەنجومەنەکە کردووە کە دانیشتنێکی تایبەت ئەنجام بدات.
مارتن گریفیتس، جێگری سکرتێری گشتی کاروباری مرۆیی، لە دانیشتنەکەدا کورتەیەک پێشکەش دەکات، ئەمەش هەفتەیەک دوای ئەوە دێت، کە ئەنجومەنەکە نەیتوانی میکانیزمی تێپەڕاندنی یارمەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا درێژ بکاتەوە.
بڕیارە تورکیا و سوریاش بەشداری دانیشتنە تایبەتەکەبن.
لە 11ی تەمموزدا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان نەیانتوانی دووبارە رێگە بە میکانیزمی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بدەنەوە بۆ ناو سنووری سوریا، کە لە 10ی ئەم مانگەدا کۆتایی هات و رێگەی بە گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ سوریا لە رێگەی تورکیاوە دەدا، بەبێ ئەوەی پێویستی بە رەزامەنی حکومەتی سوریا بێت.
رووسیا ڤیتۆی لە دژی رەشنووسی بڕیارنامەکە کرد کە تیایدا داوای دووبارە رێگەپێدانی میکانیزمی گەیاندنی هاوکارییەکان دەکات، بۆ ماوەی 12 مانگ، رەشنووسەکە تەنها 13 دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا و چین ئامادەی دەنگدان نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە رووسیا رەشنووسێکی ئەڵتەرناتیڤی پێشکەش کرد کە داوای دەکرد ماوەی تێپەڕینی هاوکارییەکان شەش مانگ بێت، ئەمەش نەیتوانی پەسەند بکرێت چونکە دەنگی پێویستی بەدەست نەهێنا، بەو پێیەی دوو ئەندام (چین و رووسیا) دەنگی بەڵێیان دا و سێ ئەندامی دیکە (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەمریکا) بە نەخێر و 10 ئەندامەکەی دیکەش خۆیان لە دەنگدان بەدوور گرت.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی هەوڵەکاندایە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی پرەنسیپی لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا، پێش ئەوەی بخرێتە ناو دانیشتنێکی گشتیەوە بۆ دەنگدان.