جوڵەی 145مین کاروانی هاوبەشی رووسیا و تورکیا لە کۆبانێ

کۆبانێ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، پۆلیسی سەربازی رووسیا کاروانێکی هاوبەشی لەگەڵ لایەنی تورکیا لە گوندەواری رۆژئاوای کۆبانێ ئەنجامدا، ئەمەش کاروانی ژمارە 145مینە لەنێوان هەردوولادا لە ناوچەکە، لەدوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا لەسەر ئاگربەست لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.

کاروانەکە کە پێکهاتبوو لە هەشت ئۆتۆمبێلی سەربازیی رووسیا و تورکیا بە یاوەری دوو هێلیکۆپتەری رووسیا لە گوندی “ئاشمە”وە، لە رۆژئاوای کۆبانێ بەڕێکەوت.

بە گوندەکانی گوندەواری رۆژئاوادا سوڕانەوە، تا گەشتنە گوندی زورمەغار، نزیک بە شاری جەرابوڵوس لە کەناری رۆژئاوای رووباری فورات، کە لەژێر کۆنترۆڵی گروپەچەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەکانی سەر بە تورکیادایە.

دوای کۆتاییهاتنی رێگای کاروانەکە، ئۆتۆمبێلەکانی تورکیا لە هەمان خاڵی پەڕینەوەوە گەڕانەوە بۆ ناو خاکی تورکیا، هاوکات ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی رووسیا گەڕانەوە ناوەندەکەیان لە نزیک شارۆچکەی سەڕین لە باشووری کۆبانێ.

لە 10ی مانگی تەمموزدا لایەنی رووسیا و تورکیا 144مین کاروانی هاوبەشیان لە گوندەواری رۆژهەڵاتی کۆبانێ ئەنجامدا.

ئامادەکردنی: فەتاح عیسا – داڕشتنەوەی: زانا ئەلعەلی