دەستبەسەرداگرتنی كارگه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنانی حه‌پی كپتاگۆن له‌ عێراق

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، دەسەڵاتدارانی عێراق رایانگەیاند، لە باشووری ئەو وڵاتە، دەستیان بەسەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی حەپی هۆشبەری کپتاگۆندا گرتووە، ئەمەش یەکەمجارە تا ئێستا کارگەی لەوشێوەیە لە عێراق بدۆزرێتەوە.

سەعد معەن، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، کە لە روپەڕی تایبەتی جۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاندووە: “ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار، دەست بەسەر تاقیگەیەکی دروستکردنی ماددەی هۆشبەردا گیرا، کە بەتایبەتی حەپی کپتاگۆنیان تێدا دروست دەکرد”.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، “ئەو کارگەیەی دەستی بەسەردا گیراوە، دەکەوێتە شاری موسەنناوە، کە پارێزگایەکی سنوورییە لەگەڵ سعودییە و لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی دەستی بەسەردا گیراوە”.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە “تاقیگەکە ئامادەکراوە بۆ دروستکردنی حەبی کپتاگۆنی هۆشبەر، کە کەرەستە خاوە دەستبەسەرداگیراوەکەی بە بیست و حەوت کیلۆ و نیو مەزەندە دەکرێت، لەگەڵ مۆرەکانی حەپی ماددە هۆشبەرەکان”.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق کارگەکەی موسەننای بە “هەوڵێک لەلایەن چەند کەسێکەوە” ناوبرد، بۆ ئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرانە، لە ناوەوەی عێراقدا پەرەپێبدان، چونکە “ئەوەی پێشتر ئێمە زانیومانە، ئەو حەپانە لە دەرەوەی عێراقەوە هاوردە دەکران”.

عێراق سنووری لەگەڵ سوریا و سعودییە و کوەیت هەیە و بە رێڕەوێک دادەنرێت بۆ بەقاچاخ بردنی ئەو حەپانە بەتایبەتی و ماددە هۆشبەرەکان بەگشتی، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی بەکارهێنانی ئەو ماددە هۆشبەرانە لە عێراو زۆر زیادیکردووە.

وڵاتانی کەنداو بە سەرۆکایەتی سعودییە، شوێنی سەرەکی حەبی کپتاگۆنن، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە سوریاوە بە قاچاخ دەهێنرێن و لە کەرتی سنووری لەگەڵ لوبنان، کە گۆڕدراوە بۆ رێڕەوی بازرگانی و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان، کە شارەزایان کۆی بەهاکەی بە زیاتر لە 10 ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی