ئیسرائیل.. وادەی دەرچوونی نەتانیاهۆی لە نەخۆشخانە ئاشکراکرد

هەولێر – نۆرس پرێس

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وادەی دەرچوونی لە نەخۆشخانە و رەوشی تەندروستی ئاشکراکرد، ئەمەش دوای رۆژێک لە راگەیاندنی نەخۆشییەکەی.

نووسینگەی نەتانیاهۆ رایگەیاندووە، “پێشبینیدەکرێت ئەمرۆ یەکشەممە نەخۆشخانە بەجێبهێڵێت، پاش ئەوەی پشکنینی پزیشکی زیادەی بۆ کراوە هیچ کێشەیەکی دەرنەخستووە”، دوای ئەوەی بە گومانی وشکبوونەوەی جەستەی، لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

رۆژی شەممە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دووپاتیکردەوە کە “دۆخی زۆر باشە” دوای چوونە ژوورەوەی بۆ نەخۆشخانە، چونکە هەستی بە سەرگێژخواردن کردووە، لەکاتێکدا نووسینگەی ئەو بەرپرسە تەمەن 73 ساڵە رایگەیاند کە شەوەکەی لە نەخۆشخانە بەسەردەبات.

نووسینگەی نەتانیاهۆ رایگەیاندووە، پاشنیوەرۆی شەممە بەخێرایی گواستراوەتەوە بۆ سەنتەری پزیشکی شێبا کە گەورەترین نەخۆشخانەی ئیسرائیلە و دەکەوێتە نزیک تەلئەبیب، ئاماژەی بەوەشکردووە، “دۆخی باش بووە و پشکنینی پزیشکی بۆ دەکرێت”.

لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، نووسینگەکە رایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران رۆژی هەینی ماوەیەکی لە گەرمای ئاوساوی دەریای جەلیل لە باکووری ئیسرائیل بەسەر بردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “رۆژی شەممە هەستی بە کەمێک سەرگێژخواردن کردووە و لەسەر ئامۆژگاری پزیشکی تایبەتی خۆی، دکتۆر زڤی بێرکۆڤیتز، گواسترایەوە بۆ بەشی فریاکەوتنی سەنتەری شێبا”.

روونیشیکردەوە “بەگوێرەی پشکنینە سەرەتاییەکان، ئەنجامەکانی ئاسایی دەرکەوتووە”.

هەروەها نەتانیاهۆ لە کورتە ڤیدیۆیدا دەرکەوت بۆ ئەوەی وردەکارییەکانی ئەو رووداوە روونبکاتەوە، دانی بەوەدانا کە هەڵەیەکی کردووە کە کاریگەری لەسەر تەندروستیی هەبووە”.