هەماهەنگی ئەمنی و ئابووری لە پێشەنگی دانوستانە دووقۆڵییەکانی نێوان ئەسەد و سودانیدا بوو

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمرۆ یەکشەممە، لەمیانەی دیدارێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق، لەبارەی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا گفتوگۆیان ئەنجامدا.

سەرۆکایەتی کۆماری سوریا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە ئەسەد جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی سودانی :”دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی دامەزراوەیی و بەدەستهێنانی بازدانێکی گەورە لە هاوکاری دوولایەنەی نێوان هەردوو وڵاتدا”.

جگە لەوەش، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، کە لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، پشتڕاستیکردووەتەوە، ئەو گفتوگۆ بەرفراوانانەی لە نێوان ئەسەد و سودانیدا ئەنجامدراون، پرسی ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەواشی لەخۆگرتبوو .

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەتام جەدعان ئەلدەندەح، باڵیۆزی سوریا لە وڵاتەکەی، “پرسە هاوبەشەکان”، بەتایبەتی کەرتەکانی ئابوورییان تاوتوێکرد.

پێش ئەوەش گفتوگۆی نێوان فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ میقداد، هاوتا سورییەکەی، لە چوارەمی حوزەیرانی رابردوو، لە بەغدای پایتەختی عێراق، سەبارەت بە گرنگترین دۆسییەی سیاسی و ئەمنییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات ئەنجامدرا.

عێراق یەکێکە لە دیارترین ئەو وڵاتانەی کە لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانەکە لە ساڵی 2011ەوە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ دیمەشقدا پچڕاندووە، تەنانەت لە زیاتر لە بۆنەیەکدا جەختی لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەبی لەگەڵیدا کردووەتەوە.