ئاگرێکی گەورە چەند ماڵێک لە گەڕەکێکی کۆنی دیمەشق دەسوتێنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاگرێکی گەورە لە چەند خانوویەکی عەرەبی، لە گەڕەکی کۆنی ئەلعەمارە لە ناو شەقامی ئەلسەورە لە دیمەشقی پایتەخت کەوتەوە و پێدەچێت هۆکارەکەی بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووبێت.

سەرچاوەیەک لە تیمی ئاگرکوژێنەوەی دیمەشقەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆدا ئاگر لە خانوویەکی عەرەبی لە پشت باڵەخانەی فەرمانگەی خانووبەرە، لە شەقامی ئەلسەورە لە گەڕەکی ئەلعەمارە کەوتەوە، دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و چەند خانوویەکی دیکەی سوتاندووە، بەرلەوەی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بگەنە سەر ئاگرەکە و بیکوژێننەوە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە رانەگەیەندراوە، لەکاتێکدا هەندێک پێیان وایە شۆرتێکی کارەبایی بووە، جەختیشیکردووەتەوە، کە هیچ زیانێکی مرۆیی نەبووە.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکومەتی سوریا، “سانا” لە زاری فەریق داود عامری، فەرماندەی تیمی ئاگرکوژێنەوەی دیمەشقەوە بڵاویکردەوە، 15 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە کاریان کردووە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد