یەدەگی ستراتیژی بەنداوی فورات 3.5 ملیار مەترسێجا دابەزیووە
تەبەقە – نۆرس پرێس
دوینێ شەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەرێتی بەنداوەکانی رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، 3.5 ملیار مەترسێجا لە یەدەگی ستراتیجی دەریاچەی بەنداوی فورات لە تەبەقە کەمیکردووە.
ئاستی دەریاچەکە ئێستا لە 14.5 مەترسێجاوە گەیشتووەتە 10.5 ملیار مەترسێجا، ئەمەش لە دەرئەنجامی گلدانەوەی ئاوەوە لە لایەن تورکیاوە، بە گوتەی ئەو بەرپرسە.
عیماد عوبێد، کارگێڕ لە بەنداوی فورات بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی ئاو کە لە نێوان ئەنقەرە و دیمەشقدا واژۆ کراوە، دەبێت تورکیا رێگەبدات بە رۆشتنی 500 مەترسێجا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ ناو خاکی سوریا، بەڵام ئەو رێژەیە لە ئێستادا لە 200 مەترسێجا لە چرکەیەکدا تێناپەڕێت.
ئەو بەرپرسەی ئاو ئاماژەی بەوەشدا، ئەو بڕە ئاوەی لە تورکیا وەردەگیرێت، لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا سودی لێنابینرێت بەهۆی بەفیڕۆچوون و بەهەڵمبوون، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و بەکارهێنانی بۆ خواردنەوە و و ئاودێری، کە ئەو بەرپرسە لەبەر کەمی بڕەکەی، بڕی ئاوی هاتوو لە تورکیاوە بە “پاشماوە” ناودەبات.
عوبەید ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا شەش تۆرباین لە کۆی هەشت تۆرباین وەستاون، دوو تۆرباینەکەی دیکەش بە نیوەی توانایان کاردەکەن، ئاماژەی بەوەشکرد، لە دۆخی ئاساییدا هەر تۆرباینێک 120 مێگاوات لە کاتژمێرێکدا بەرهەم دەهێنا، بەڵام لە ئێستادا تەنها 45 مێگاوات بەرهەمدەهێنێت، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئاوەوە.
ئەو بەرپرسەی بەنداوەکان بەدووری نەزانی کە بەنداوەکە لەکار بوەستێت، هەروەها بەرزترین ئاستی دەریاچەی فورات کە دەبوو 304 مەتر بێت ، بەڵام لە ئێستادا گەیشتووەتە 298,45 مەتر، ئەمەش نزیکە لە 296 مەتر کە بە ئاستی مردوو ناودەبرێت و لەو کاتەدا بەنداوەکە لەکار دەوەستێت.
لە مانگی شوباتی 2020ـەوە، تورکیا بەردەوامە لە رێگریکردن لە تێپەڕینی رووباری فورات بەرەو زەوییەکانی سوریا و عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هۆشدارییە ناوچەیی و جیهانییەکان سەبارەت بە کارەساتی تەندروستی و کشتوکاڵی لە ناوچەکەدا لەئارادان.
ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی دوو مانگە ئاستی ئاوی دەریاچەکە بەڕێژەی 2 سم بەشێوەیەکی رۆژانە کەمدەبێتەوە.