ئینتەر میامی بە فەرمی گرێبەستەکەی مێسی راگەیاند

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوینێ شەممە، یانەی ئینتەر میامی گرێبەستەکەی لەگەڵ لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمان راگەیاند.

روپەڕی فەرمی ئینتەر میامی لە تویتەر کلیپێکی ڤیدیۆیی پێشکەشکردنی مێسی وەک یاریزانێکی نوێ بۆ یانەکە بڵاوکردەوە، کە تیایدا مێسی درێسی ژمارە 10ی دڵخوازی خۆی لەبەر دەکات.

بەپێی چەند راپۆرتێکی رۆژنامەوانی، لیۆنێل میسی تەمەن 36 ساڵ، بۆ ماوەی دوو وەرز و نیو گرێبەستی لەگەڵ ئینتەر میامی واژۆ کردووە، بە مووچەی ساڵانەی 60 ملیۆن دۆلار.

ئەستێرە ئەرجەنتینیەکە، خۆی بۆ یەکەم یاریی بە درێسی ئینتەر میامیەوە ئامادە دەکات، کە بڕیارە رۆژی 21ی تەمموز ئەنجەم بدرێت.

کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان بە خۆڕایی پەیوەندی بە ریزەکانی یانە ئەمریکیەکەوە کرد، کە لە ماوەی دوو وەرز لە یانە فەڕەنسییەکەدا، 3 نازناوی بەدەستهێنابوو.