فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید: سەرکۆنەی سوتاندنی تەورات و ئینجیل دەکەین

هەولێر- نۆرس پرێس

فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید سەرکۆنەی رێگەپێدان بە سوتاندنی تەورات و ئینجیل لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم دەکرێت.

ئاژانسی فەرمیی ھەواڵی سوید (TT) بڵاویکردەوە، پۆلیسی سوید مۆڵەتی بە گەنجێکی تەمەن 30 ساڵان داوە کە داوای سوتاندنی تەورات و ئینجیلی کردبوو، بڕیارە سبەی یەکشەممە کاتژمێر 1:00ی پاشنیوەڕ لە بەردەم باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە ستۆکهۆڵم ئەو گەنجە ئەو کتێبانە بسوتێنێت.

تاهیر ئاکان، سەرۆکی فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید  سەرکۆنەی ئەو کارە ئیستفزازییەی کرد و رایگەیاند، نابێت رێگە بە سووتاندنی هیچ کتێبێکی پیرۆز بدرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، نابێت رێگە خۆشبکرێت بۆ ئەو جۆرە کارانە و وتی، ئەو کارە ئیستفزازییە سەرکۆنەی دەکەم کە سبەی ئەنجام دەدرێت.

رێگەدان بە سوتاندی  تەورات و ئینجیل لەکاتێکدایە 28ی حوزەیرانی ئەمساڵ لە یەکەمین رۆژی جەژنی قورباندا لە بەردەم مزگەوتێکی شاری ستۆکهۆڵم کۆپییەکی قورئان سوتێنرا.

سەرۆکی فیدراسیۆنی ئیسلامیی لە سوید دەڵێت، دڵگرانین بەوەی لە وڵاتێکی دیموکراسی وەک سویدا کردەوەی ئیستفزازی لەم شێوەیە دەبینرێت.