یانەی بەرشەلۆنە نزیکە لە گرێبەستێكی تر

هەولێر-نۆرس پرێس

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان یانەی بەرشەلۆنە نزیکە لە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ یاریزانی جیرۆنا، ئۆریۆل ڕۆمیۆ.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردوە، بەرشەلۆنە نزیکە لە یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ یاریزانی جیرۆنا، ئۆریۆل ڕۆمیۆ، چونکە چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەر دەیەوێت پشتی پێ ببەستێت لە کاتی گەشتەکەی یانەكەی کەتەلۆنیا بۆ ئەمریکا.

ڕۆمیۆ بە جێگرەوەی سێرجیۆ بوسکێتس کاپتنی پێشووی یانەکە دادەنرێت، هەرچەندە بژاردەی یەکەمی چاڤی نەبوو، بەڵام کێشە ئابورییەکانی یانەکە لەگەڵ یوێفا سەبارەت بە پاراستنی یاساكانی دادپەروەرانەی دارایی وایکرد لە گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکانی قەبارەی کیمیچ یان برۆزۆڤیچ دوربخرێتەوە.

 ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەرشەلۆنە 3 هەفتە لەمەوبەر دانوستانەکانی لەگەڵ جیرۆنا کردووە سەبارەت بە گرێبەستەکەی لەگەڵ ڕۆمیۆ، بە بڕی 5 یان 6 ملیۆن یۆرۆ، و گۆڕاوەکان تاوەكو ئێستا چارەسەر نەکراون، بەڵام پێدەچێت گرێبەستەکە نزیک بێت.